كشتوكاڵی گەرمیان چاوەڕێی بەغدایە

:: PM:05:58:27/05/2018 ‌
نزیكەی مانگێكە بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی عێراق سەرباری نووسراو و داوای كشتوكاڵی گەرمیان هیچ لیژنەیەكییان بۆ وەرگرتنی گەنم ڕەوانە نەكردووە و بەرپرسێكی سەر بە وەزارەتی بازرگانیش دەڵێ، چاوەڕێی فەرمانی كارگێڕین بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
 
 شادی حوسێن بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵانە لەگەڵ نزیك بوونەوەی وەرزی دروێنە نووسراو ئاراستەی بەغدا دەكەین بۆ ئەوەی گەنمی جووتیاران لە رێگەی لیژنەیەكی ئەوانەوە لە وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی عێراق وەربگیرێت.

زیاتر گوتی، لەسەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو نووسراومان ئاراستەی بەغدا كردووە بۆ ئەو لیژنەی وەرگرتنی گەنم بنێرن، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە.

وەوڵام نەدانەوەی كشتوكاڵی گەرمیان لە كاتێكدایە كە ساڵانە وەزارەتی بازرگانی لە رێگەی لیژنەكانییەوە لە دیالە و گەرمیان لەیەك كاتدا دەستبەكار دەبێ بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
 
لای خۆیەوە سەڵاح محەمەد جێگری لیژنەی تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی گەرمیان، بۆ "وشە" گوتی،  دەستبەكاربوونی ئەوان  فەرمانی كارگێڕی وەزارەتی بازرگانی پێویستە.

ساڵانە بەغدا بە جۆری نمرە دوو بەروبوومی گەنم و جۆی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ هێشتا دیار نییە گەرمی جووتیارانی گەرمیان وەردەگرێت یان نا.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم