پەرلەمانتارێكی بارستەی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران سەر بە سوپای پاسداران لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەك لیستەكان كۆبووەتەوە و راوێژی پێ داون بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.
حاكم زاملی، ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە هاتنی قاسم سلێمانی بۆ بەغدا بەمەبەستی پێدانی راوێژ بووە بۆ بەشێك لە بارستە سیاسییەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق.
زیاتر گوتی، هەڵوێستی هاوپەیمانی سائیروون لەو بارەوە روونە كە هەوڵی هەڵبژاردنی كەسایەتییەك دەدات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە بڕیارێكی عێراقییانە و دوور لە دەستوەردانی ئەمەریكا و ئێران و سعوودیە و هەر دەوڵەتێكی تر.
روونی كردەوە، هەر رێنوێنییەكی ئەو وڵاتانە باشن ئەگەر بۆ بەرژەوەندی عێراق و گەلەكەی بشكێنەوە.
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 12ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو و تیایدا لیستە شیعەكان ئەنجامی باشیان بەدەست هێنا، بەڵام ئەوان پەرتەوازە و ركابەری یەكتر دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بۆ ئەو مەبەستە قاسم سلێمانی سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لەو لیستانە كۆبووەوە و هانی دان بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێزی شیعە.