سبەی پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە

:: PM:10:09:27/05/2018 ‌

دوای سێجار نووچخواردن لە سازكردنی دانیشتنێكی نائاسایی بەهۆی ناتەواوی نیسابی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران بۆ باسكردنی سكاڵاو پێشێلكاری و ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بانگەشەی ئامادەبوون بۆ كۆبوونەوە لە ئەندامانی دەكات.

هەفتەی رابردوو و سەرەتای ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناتەواوی نیسابی ئامادەبوونی ئەندامانی نەیتوانی كۆبوونەوە نائاساییەكەی ساز بكات كە پێشبینی دەكرێت یاسایەك دەربكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن یان دووبارە هەژماركردنەوەی بەدەستی ئەنجامەكان، بۆیە هاوپەیمانییە براوەكان كار بۆ تەواو نەكردنی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە دەكەن، لەو كاتەی تەمەنی پەرلەمان زۆری نەماوە.

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەمڕۆ یەكشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە لەسەر داوای ژمارەیەك پەرلەمانتار كە دەیانەوێت تاوتوێی دیودەری و پاكی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن، بۆیە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان  داوا لە ئەندامانی دەكات سبەی دووشەم سعات چواری ئێوارە لە دانیشتنێكی نائاسایی ئامادە بن.

هەر لەو بارەوە نیازی میعمارئۆغڵۆ بڕیاردەری پەرلەمان ئەمڕۆ یەكشەم پێشبینی كرد كە دانیشتنی سبەی دووشەم بۆ چوارشەمی داهاتوو دوا بخرێت بەهۆی ناتەواوی نیسابی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران كە تا ئێستە هیچ ئاماژەیەك بۆ تەواوبوونی نیساب نییە بۆ دانیشتنی سبەی.

سەرچاوە/ بەغداد تودەی
   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل