رۆناڵدۆ داوای لێبوردن دەكات

:: AM:09:52:28/05/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی داوای لێبوردنی لە هاندەرانی یانەكەی كرد بەرامبەر لێدوانێكی لە كاتی ئاهەنگگێڕانی بەدەستهێنانی ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كە تێیدا باسی چارەنووس و مانەوەی لە یانەی شاهانە كردبوو.

شەمووی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی بردەوە و بۆ سێیەمساڵ لەسەریەك و 13مین ناسناوی خولەكەی بەدەستهێنا.

رۆناڵدۆ لە كاتی ئاهەنگگێڕانی بەدەستهێنانی ناسناوەكەدا رایگەیاندبوو كە دڵخۆشبووە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە ریزی یانەی ریال مەدرید یاری كردووە و جەختیشی كردبووە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا بڕیار لەسەر چارەنووس و مانەوەی لە یانەكە دەدات.

رۆناڵدۆ رایگەیاند، لە چاوپێكەوتنەكەدا بەهیچ شێوەیەكی باسی نەكردووە بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەی ریال مەدرید نامێنێ و بگرە دەزگاكانی راگەیاندن هەواڵەكەیان بەشێوەیەكی تر وەرگێڕاوە و مەبەستەكەیان شێواندووە.

هەروەها رایگەیاند: لێدوانەكەم بەمشێوەیە نەبوو كە دەزگاكانی راگەیاندن وەریانگێڕا، بەڵام بەهیچ شێوەیەكیش لە لێدوانەكەم پەشیمان نیم، چونكە لە ماوەی رابردوودا رووداوی نەخوازراو روویاندا، جەختیش لەوە دەكەمەوە كە هەموو كێشەیەك بە پارە چارەسەر ناكرێ.

رۆناڵدۆ هەروەها گوتی: ئەگەر راستگۆبم لەگەڵتان و نەیشارمەوە ئەوەیە كە دیار نییە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دەمێنمەوە یان نا، بەڵام ئێستا كاتی ئەم قسانە نییە، چونكە یانەكە لە كاتی ئاهەنگگێڕانە بەهۆی تۆماركردنی مێژوویەكی گەورە.

لە كۆتاییدا رۆناڵدۆ جەختی كردەوە كە لە كاتی ئاهەنگگێڕانەكەدا چەندان جار لەگەڵ فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید دانیشتووە و قسەی كردووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەكی باسی مانەوە و رۆیشتنیان نەكردووە.

رۆناڵدۆ لە ماوەی رابردوودا گلەیی لە سەرۆكایەتی و بەرپرسانی كارگێڕی یانەی ریال مەدرید گرتبوو بەهۆی كەمی مووچەكەیەوە، هەر لەبەر ئەمە یانەكە ئێستا خەریكی ئامادەكردنی دەستەوارەیەكی نوێیە تا ساڵی 2021 و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەش بە ملیارێك یۆرۆ دیاری كراوە، رۆژنامەكان ئاماژەیان بەوەشداوە كە لە گرێبەستە نوێیەكەدا مووچەكەی رۆناڵدۆ لە 21 ملیۆن بۆ 30 ملیۆن یۆڕۆ زیاد كراوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م