چارەنووسی بێڵ لە یانەی ریال مەدرید چی بەسەر دێ؟

:: AM:10:14:28/05/2018 ‌

گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و خاوەن دوو گۆڵی سەركەوتنی یانەكەی لە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا تا ئێستا چارەنووسی بۆ وەرزی داهاتوو بە كراوەیی ماوەتەوە.

پێرێ شەموو یانەی ریال مەدرید لە یاریی كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی بردەوە و بۆ سێیەمساڵ لەسەریەك و 13مین ناسناوی خولەكەی بەدەستهێنا، دوو گۆڵی سەركەوتنی یارییەكە لەلایەن گاریس بێڵەوە تۆمار كرا.

بێڵ لە یارییەكەدا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد بەپێچەوانەی یارییەكانی رابردوو كە بەهۆی خراپی ئاستییەوە لە زۆرێك لە یارییە گەورەكانی یانەی شاهانە فەرامۆش كرابوو.

رۆژنامە ئینگلیزییەكان رایانگەیاندبوو كە ئەمە دوایین یاریی بێڵ بووە لە ریزی یانەی شاهانە و بۆ وەرزی داهاتوو ئەو ئەستێرەیە دەگەڕێتەوە خولی نایابی ئینگلیزی.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی ئاماژەی بەوەدابوو، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بێڵ ریزی یانەی ریال مەدرید جێدێڵێ و پەیوەندی بە یەكێك لە یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی دەكاتەوە.

رۆژنامەكە جەختی كردبووەوە كە یانەی مانچستەر یونایتد بەتەواوی خۆی بۆ گرێبەستی بێڵ ئامادە كردووە و بڕی 200 ملیۆن پاوەنیشی بۆ تەواوكردنی كارەكانی گواستنەوەكە دیاری كردووە.

یانەی مانچستەر یونایتد هەروەها ئامادەیی خۆی پێشانداوە مووچەیەكی زەبەلاحیش بدات بە بێڵ لەبەرامبەر یاریكردن لە ریزی یانەكەیاندا ئەویش مووچەی 650 هەزار پاوەنی هەفتانەیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م