نەوت بۆ نزمترین نرخ لە ماوەی 20 رۆژی رابردوو دابەزی

:: AM:10:22:28/05/2018 ‌

نرخی نەوت لە دوو رۆژی كۆتای هەفتەی رابردووی بازاڕی بۆڕسە بە خێرایی رووی لە دابەزین كرد و بە رێژەی نزیكەی 5% لە نرخەكەی دابەزی و ئەمڕۆ دووشەم لە یەكەم رۆژی كردنەوەی بازاڕەكەش بە خێرایی رووی لە دابەزین كرد و گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی 20 رۆژی رابردوو تۆمار كرابێت.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوت لە كۆتای هەفتەی رابردوودا بە 76 دۆلار و 13 سەنت داخرا. ئەمڕۆ لە چەند سەعاتی یەكەمی كردنەوەی بازاڕەكە نرخی نەوت لە سەرووی 76 دۆلارەوە بۆ خوارووی 75 دۆلار دابەزی و دواتر هەندێك لە نرخەكە بەرز بووەوە. ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 75 دۆلار و 62 سەنت دەفرۆشرێت.

ماوەیەك بوو نرخی نەوت لە ژێر كاریگەریی كشانەوەی ئەمەریكا لە ریككەوتنی ناوكیی بۆ نزیكەی 80 دۆلار بەرز بووبووەوە و لە ئاستێكی بەرزدا جێگیر بووبوو.

ئەگەری رێككەوتنی وڵاتانی ئەوروپا و ئێران بۆ درێژەپێدانی رێككەوتنی ناوكی بە یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بۆ ئەگەری بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن وڵاتانی ئۆپێك بە هاوكاری رووسیا دەگەڕێتەوە. ئەوان مانگی داهاتوو كۆبوونەوە دەكەن و لەو كۆبوونەوەیەشدا پێ دەچێت كۆتا بە رێككەوتنی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بهێنن.

ئەوان لە كۆتای ساڵی 2016 بڕیاریان دا رۆژانە ملیۆنێك و 800 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە، لە ئایاری 2017 رێككەوتنەكەیان بۆ مانگی ئاداری 2018 و لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووشدا بڕیاریان دابوو تا كۆتای ساڵی 2018 درێژە بە رێككەوتنەكە بدەن.

دوای سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەكان لە لایەن ئەمەریكاوە بۆ سەر هەریەك لە ئێران و ڤەنزوێلا، وڵاتانی ئۆپێك و رووسیا دەیانەوێت بە بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنان قەرەبووی كەمیی بازاڕ بكەنەوە، بۆیە لەو كاتەدا نرخی نەوت روو لە دابەزین دەكات.

هەڵبەت وڵاتانی ئۆپێك لەوەش دەترسن كە رەوتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیاتر پەرە بستێنێت و دواجار ناهاوسەنگی لە بازاڕەكە بێتە كایەوە. سیاسەتی سعوودیە و زۆر لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك ئەوەیە هەر لە سنووری 80 دۆلار نرخەكە بوەستێنن و رێ نەدەن لەوە زیاتر بەرز ببێتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هۆكارە لە بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی جۆری لیتەییش لە ئەمەریكا كە مەترسییەكی ترە بۆ ئەوەی لە رۆڵی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كەم بكرێتەوە.




وشە - سلێمان تاشان