نیمار: بۆ مۆندیال ئامادە نیم!

:: AM:10:28:28/05/2018 ‌

نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دانی بەوەدانا كە سەداسەد بۆ یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا ئامادە نییە بەهۆی تووشبوونی بە پێكان و ئەنجامدانی نەشتەرگەری قاچییەوە.

نیمار لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی رایگەیاند: لە راستیدا بە رێژەی سەدا سەد بۆ یاریكردن ئامادە نیم و پێویستیم بە هەندێ كاتی ترە، كەمێك ترسم هەیە، بەڵام هێشتا چەند رۆژێك ماوە بۆ دەستپێكردنی یارییەكانی مۆندیال.

نیمار ماوەی 3 مانگە هیچ یارییەكی تۆپی پێی ئەنجام نەداوە بەهۆی تووشبوونی بە پێكانی قاچییەوە لە یارییەكی خولی فڕەنسا لەنێوان پاریس سان جێرمان و مارسیلیا، بەهۆی مەترسی پێكانەكەوە نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا و ماوەی 10 رۆژێكیش دەبێت دەستی بە ئەنجامدانی مەشق و راهێنان كردۆتەوە بەمەبەستی خۆ ئامادەكردن بۆ یارییەكانی مۆندیالی رووسیا كە بڕیارە رۆژی 14ی مانگی داهاتوو دەست پێ بكات.

نیمار لە چاوپێكەوتنەكەدا هەروەها رایگەیاند: لە رووی توانای جەستەیی و شوێنی نەشتەرگەرییەكەوە باشم، بەڵام راستییەكەی لە رووی دەروونییەوە ئامادە نیم و بێگومان ئەمەش نابێتە رێگر لەبەردەمم بۆ ئەوەی یاریی نەكەم.

لە كۆتاییدا هیوای خواست وەك مۆندیالی 2014 بێبەش نەبێت لە یارییەكانی مۆندیال، چونكە ئەمە یەكێكە لە خەونە هەرە گەورەكانی و بەدەستهێنانی ناسناوی پاڵەوانیەتییەكە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م