لە ئێران شەش ڕۆژە مانگرتن بەردەوامە

:: PM:12:16:28/05/2018 ‌

شوفێری بارهەڵگر و تانكەرەكانی ئێران شەش رۆژە دەستیان بە مانگرتن كردووە و ئەمەش دوای ئەوە دێت كە حكوومەتی ئێران باج و مافی گواستنەوەی باری لەسەریان گران كرد.

لە شەشەم رۆژی ئەو مانگرتنە شوفێرانی بارهەڵگر و تانكەر لە دەروازەكانی مێهران، باشماخ و شارەكانی خوڕەمشەهر و ئابادانیش چوونە پاڵ مانگرتووانەوە.

مانگرتووان رەخنەیان لە بەرزیی باجی شەقامەكان، گرانیی پارچەی یەدەگ و گرانیی كرێی كۆمپانیاكانی گواستنەوەی بار هەیە و دەڵێن جگە لەمانە ئەو یارمەتییە دارایییەی مانگانە وەریاندەگرت لەسەریان بڕاوە و مافی دڵنیایی و زۆر شتی تریان لێ ستێنراوەتەوە.

مانگرتنی شوفێران بەشێكی بەرچاو لە پارێزگاكانی ئێرانی گرتووەتەوە و خەریكە رۆژ بەڕۆژ فراوانتر دەبێت. لە پارێزگاكانی خوراسانی رەزەوی، هورموزگان، فارس، لوڕستان، كرمان، ئیسفەهان، قەزوین مانگرتن شەش رۆژە بەردەوامە.

مانگرتنی شوفێرانی تانكەر و بارهەڵگر بووەتە هۆی كەمبوونەوەی بەنزین لە شارەكان. لە دوو رۆژی رابردوو سوپای پاسداران تانكەرەكانی خۆی خستبووەگەڕ بۆ ئەوەی لە كاریگەریی مانگرتنەكە كەم بكاتەوە.

ماوەیەكە لە ئێران خۆپێشاندان و مانگرتن بە تایبەت لە شێوەی ئاشتیخوازانە زۆر بووە و خەڵكی ئێران بە هەموو شێوەیەك دەیانەوێت دژایەتی خۆیان بۆ ئەو رژێمە دەرببڕن.

سەرچاوە/voa




وشە - سلێمان تاشان