هۆشمه‌ند بازوند پارێزگارى كرماشان رای گه‌یاندووه، حكوومه‌تى ئێران هه‌وڵ ده‌دات له‌رێى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌ردوو بازاڕى شوشمێ و تیله‌كوه ببووژێنێته‌وه.
ئه‌م پارێزگاره له‌سه‌ر له لێدوانێكه‌ى بۆ
ئاژانسى ئیرناى ئێرانى، باسى له‌وه كردووه ئێسته پارێزگاى كرماشان دوو ده‌روازه‌ى سنوورى فه‌رمى هه‌یه، ئه‌وانیش په‌روێزخان و خوسره‌وییه، هه‌روه‌ها ده‌روازه‌یه‌كى تر‌ى نیمچه فه‌رمى هه‌یه به ده‌روازه‌ى سومار ده‌ناسرێت و سه‌رجه‌م كاڵه ئێرانییه‌كان له‌و ده‌روازانه‌وه هه‌نارده‌ى عێراق ده‌كرێن.
دووپاتى ده‌كاته‌وه ئاستى هه‌نارده‌كردنى كاڵاى ئێران له به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كى به‌رده‌وامدایه و رۆژانه هه‌زار و 60 بارهه‌ڵگر له ده‌روازه‌ى په‌روێزخان و 350 بارهه‌ڵگر له ده‌روازه‌ى خوسره‌وى و 450 بارهه‌ڵگر له ده‌روازه‌ى سۆمار تێپه‌ڕ ده‌بن.
پارێزگاى كرماشان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات له سنوورى پارێزگاكه‌یان سێ بازاڕى سنووریی هه‌یه، ئه‌وانیش سله و شوشمێ و تیله‌كویه.
وه‌ك ئاماژه‌ى بۆ ده‌كرێت ئه‌م بازاڕانه ساڵى رابردوو له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى عێراق داخراون، به‌ڵام پارێزگارى كرماشان ده‌ڵێ له رێى باڵوێزخانه‌ى ئێرانه‌وه بازاڕِى سله كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام دوو بازاڕه‌كه‌ى تر ماوه ئه‌ویش له‌ماوه‌یه‌كى نزیك ده‌كرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بازاڕه‌كانى ئه‌م شاره ببووژێنه‌وه.
مانگى رابردوو سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌كاتى ئاماده‌بوونى كۆنگره‌یه‌كى ئابوورى هاوبه‌شى نێوان هه‌رێم و ئێران رای گه‌یاند، هه‌رێمى كوردستان و ئێران كار ده‌كه‌ن بۆ دروستكردنى ناوچه‌یه‌كى بازرگانى ئازاد.