گۆڤارێكی فڕەنسی: ئەردۆغان دیكتاتۆرە و بووەتە هیتلەری نوێ

:: PM:02:11:28/05/2018 ‌


میدیاكانی ئەوروپا و فڕەنسا بەردەوامن لە رەخنەگرتن لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و رەتكردنەوەی سیاسەتی سەركوتكاری ناوخۆ و گرتنی بە كۆمەڵ و ڕاوەدوونان و سزادانی ئۆپۆزسیۆنی وڵات.

 پێوەند بەو پرسە گۆڤاری "لۆبوان"ی فڕەنسی ڕەخنەی ئەوەی لە ئەردۆغان سەرۆكی توركیا گرتووە كە سیاسەتی دەرەوەی خراپە و ئۆپراسیۆنی دژ بە عەفرین و پرۆسەی بەئامانگرتنی كورد بە دیكتاتۆرانە ناو دەبات و دەڵێ، تەنانەت بیركردنەوەكەشی بیركردنەوەیەكی توندڕۆیانەیە بەجۆرێك رەخنەگرانی بە تیرۆریست ناو دەبات.

گۆڤارەكە لە لاپەڕەی سەرەكی وێنەی ئەردۆغانی هەڵواسیوە و بە مانشێتێكی گەورە نووسیویەتی، "دیكتاتۆ بۆ كوێ دەچێت".

لە ناوەڕۆكی گۆڤارەكە، دۆسیەیەكی تەواو لەبارەی سیاسەتی ئەردۆغان هەر لە سەركوتكردن و پێوەندییەكانی لەگەڵ فڕەنسا و تاوانەكانی ئەنجامی داوە، هاوكات گۆڤارەكە ئەردۆغانی بە ئەدۆڵف هیتلەری سەركردەی نازییەكان چواندووە.
 
گۆڤارەكە لە گۆشەی سەروتاردا باسی لەوە كردووە كە ئەردۆغان ماوەی 15 ساڵە لە دەسەڵاتدایە، خۆی ئامادە كردووە بۆ هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی داهاتوو، ئەمەش وەك هەڵاتن و خۆدزینەوە وایە لە چارەسەركردنی تەنگژەی ئابووری كە وڵاتی داتەپاندووە بەهۆی دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەكانی رابردووی و ترس لە رووبەڕووبوونەوەی. ئەوەشی روون كردووەتەوە كە ئەردۆغان لە هەوڵی بنیادنانی رژێمێكی سەركوتكاری داماڵدراو لە ئەخلاق و مافەكانی مرۆڤ، مەبەستیشی لەمەدا ئەوەیە ئەوروپا بهەژێنێت.
 
راپۆرتەكەی لۆبوان بە ناونیشانی "ئەردۆغان.. ئایا دەبێتە هیتلەرێكی نوێ؟"، لە ناوەڕۆكدا باس لەو ەدەكات كە ئەوەی هەیە تەنیا بەراوردكاری نییە، بەڵكو چەندان خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەردۆغان و هیلتەر هەیە كە لە سەرەتای دەركەوتن و سەركەوتنی بوو وەك دیكتاتۆرییەك، لەو كاتەدا لەگەڵ ناكۆك و ركابەرەكانی لە ئاستی ناوخۆدا زۆر توند بووە، بەتایبەت لەمەدا ئەردۆغان پێداگرە لەسەر ئەوەی كوردەكانی توركیا وەك تیرۆریست بناسێنێت.

گۆڤارەكە باسی لەوەش كردووە، ئەگەرچی هەردووكیان "ئەردۆغان و هیتلەر" دیكتاتۆرن، بەڵام ئەوە دادپەروەری نییە ئەردۆغان بە هیتلەر بچووێنیت، چونكە هیتلەر هێندەی ئەردۆغان توندڕۆ و دڕندە نەبووە، بۆیە ئەگەر هزری نازییەت خۆی لەوە كورت كردبێتەوە كە دژایەتی بیانییەكان و رقی لە لێدوانی سیاسەتمەدارە فڕەنسایییەكان دەبووەوە، بۆیە ئەو نازییەتەی هیتلەر زۆر كەمتر زیانی هەیە لەوەی ئەردۆغان كە بووەتە دیكتاتۆرێكی نوێی توقێنەر.

"عەفرین گوندە شەهیدەكە" ناونیشانی راپۆرتێكی تری گۆڤاری لۆبوانە، لەوێدا باس لە چۆنیەتیی داگیركردنی عەفرین دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەردۆغان لە مامەڵەكردنی لەگەڵ كوردەكان وەها مامەڵەیەكیان لەگەڵ دەكات وەك ئەوەی پلەیان لە مرۆڤ كەمترە، ئەمەش وایكردووە كوردەكان هەمیشە ناسنامەی خۆیان بشارنەوە و بە زمانی كوردییش قسە نەكەن، لەگەڵ ئەمەشدا زۆریان لێ گیراوە و خراونەتە گرتووخانە بێ ئەوەی هۆكاری گرتنەكەیان روون بێت، تەنیا ئەوە نەبێت كە ئەوان كوردن.

گۆڤارەكە ئەردۆغان بە داگیركەریش ناو دەبات كە راوی لایەنگرانی پێش خۆی دەنێت وەك ئاماژەیەك بۆ لایەنگران و ئەندامانی رێكخراوی فەتحوڵلا گولەن كە ئەردۆغان تۆمەتباری كردووە بە پیلاداڕێژەی كودەتا شكستخواردووەكەی حوزەیرانی 2016. لە دوای شكستی كودەتاكە ئەردۆغان بە دەیان هەزاری لە لایەنگران و ئەندامانی رێكخراوی گولەنی گرتووە.

رژێمی توركیا، پارتی كرێكارانی كوردستان بەتیرۆریست ناساندووە لەكاتێدا ئەو هێزە كوردییە ماوەی 30 ساڵ زیاترە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد دەكات.

گۆڤارەكە هێرشێكی توند دەكاتە سەر سوپای توركیا و ئۆپراسیۆنەكەی لە عەفرین ئەنجامی دا بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام سوپای سووریای ئازاد كە ئەردۆغان لێكتێگەیشتنیان هەیە، دەیان گرووپی جیاواز و چەكداری هەڵاتووی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و گرووپی چەكداری داعش لەخۆی دەگرێت.

لە راپۆرتێكی تری تایبەت دا، گۆڤارەكە بە مانشێت نووسیویەتی "چۆن ئەردۆغان داو لە فڕەنسا دادەنێتەوە"، پاشان ئاماژە بە تاوانەكانی ئەو دەكات كە بەناوی ئاینەوە ئەنجامی داون و روونی دەكاتەوە كە ئەردۆغان وەك سەرۆكێكی ئیسلامی چۆن تاوانی لە پەنای ئاین ئەنجام داوە، تەنانەت هەندێك لە دامەزراوە ئیسلامییەكان لە فڕەنسا كە بەشێكیان سەر بە ئیخوان موسلیمینن و كۆمەك لە دەرەوە  وەردەگرن كە توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی كۆكەیان دەكات "ئەمە گوشارێكی زۆر دەخاتە سەر فڕەنسا".

 گۆڤاری لۆبوان باس لە دوا سەردانی ئەردۆغان بۆ فڕەنسا دەكات و ئەوەی بیر خستوونەتەوە كە لەو سەردانەی پێنجی كانوونی دووەم/ یەنایەر، ئەردۆغان سەردانێكی تایبەتی بۆ لای ئەحمەد ئوجراس سەرۆكی ئەنجوومەنی فڕەنسی بۆ ئاینی ئیسلام كرد كە بە رەچەڵەك توركە و لە فڕەنسا نیشتەجێیە، گوتی "ئەو بەرپرسە كەسێكی لادەرە و لە بنەڕەتدا توركە".

راپۆرتەكەی لۆبوان بووەتە مایەی تووڕەیی و نیگەرانی ئەردۆغان، ئەمەش وایكرد ئەردۆغان لە رێی لایەنگران و دەستوپێوەندەكانی هەڕەشە لە گۆڤارەكە بكات و هەوڵی كڕینەوەی ژمارەكانی لە بازاڕ بدات تا نەگات بە دەستی زۆرترین خوێنەر.
                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                         
سەرچاوە/ عەین





وشە - فه‌رمان سادق