پەیامێكی توند لە ئەمەریكاوە بۆ سەركردەكانی عێراق

:: PM:02:19:28/05/2018 ‌
هەوڵەكانی شكستخواردووانی هەڵبژاردن بەردەوامە بۆ دانیشتنی پەرلەمان و ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، ئەمڕۆیش 150 پەرلەمانتار واژوویان كۆ كردووەتەوە تا دانیشتنی پەرلەمان ساز بكرێ، سەرچاوەكانیش هێما بۆ ئەوە دەكەن، ئەمەریكا هۆشداری توندی بە بەرەی شكستخواردووەكان و سەركردەكانی عێراق داوە، كە ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، ئاڵۆزی لە عێراق دروست دەكات.

ڕۆژنامەی "العربی الجدید" لە ڕاپۆرتێكدا لە زاری وەزیرێكی حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد، پەرلەمانی ئێستە لە دۆڵێكدایە و لیستە براوەكانیش لە دۆڵێكی تر، لیستەكان پەلەیانە بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن، لە پەرلەمانیش باس لە ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكرێ.

ئەو وەزیرە دەڵێ، ئەمەریكا پەیامی توندی بۆ شكستخواردووەكان و سەركردەكانی تری عێراق ناردووە، كە ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، عێراق دەگەڕێنێتەوە چوارگۆشەی یەكەم و ئاڵۆزی تەناهی و سیاسی لە وڵات دروست دەكات، بۆیە بە پێویستی دەزانێ، هەمووان ئەنجامەكە قبووڵ بكەن و پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

ئەو هەوڵەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان و هومام حەموودی جێگری لە دیارترین شكستخواردووەكانی هەڵبژاردنن و ڕۆژی شەمووی هەفتەی ڕابردوو و پێنجشەم و شەمووی ئەم هەفتەیە و ئەمڕۆ دووشەمیش خەریكن دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمان لەبارەی ساختەكاری لە هەڵبژاردن و ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان ساز بكەن.

تا ئێستە سێ هەزار سكاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆی پەرلەمانی عێراق دراوە، لە كۆی 232 پەرلەمانتاری پێشوو كە خۆیان كاندید كردبووەوە، تەنیا 97 كەسیان توانیان دەنگی پێویست بهێنن، ئەوانەی تر شكستیان خواردووە و ناڕازین بە ئەنجامی هەڵبژاردن و داوای ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان و دووبارە سازكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د