ئەم پارەیە دابەش دەكرێت

:: PM:02:40:28/05/2018 ‌
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری جووتیاران دەكاتەوە كە سبەی سەردانی سایلۆی هەولێر بكەن بۆ وەرگرتنی چەكی بانكی.

ئەمڕۆ دووشەم 28ی ئایار/ مایۆ، نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو جووتیارانەی كە لە ساڵی 2016 گەنمیان ڕادەستی سایلۆكانی هەولێر و مەخموور و بنكەكانی شەمامك و گردە ڕەشە كردووە، دەتوانن چەكی بانكی وەربگرن.

زیاتر گوتی، لە سبەیەوە تا ڕۆژی 31ی ئەم مانگە جووتیاران دەتوانن سەردانی سایلۆی هەولێر بكەن بۆ وەرگرتنی چەكی بانكی بەپێی بڕی ئەو گەنمەی ڕادەستی سایلۆكانیان كردووە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر حكوومەتی عێراقی پارەی گەنمی جووتیارانی ڕەوانە كردبوو هاوكات هێشتا بەغدا بڕێكی زۆری پارەی گەنمی جووتیاران قەرزارە و چەند جارێكیش هەرێم شاندی ناردووە بۆ بەغدا تا ئەو پارەیە بە تەواوی بۆ جووتیارانی كوردستان بێتە ناردن.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم