پرۆژەیەك بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا ڕاگەیەنرا

:: PM:02:43:28/05/2018 ‌
یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان پڕۆژەیەك پێشكەشی حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەكات، تا سەرجەمیان بە یەكگرتوویی بچنەوە بەغدا، كار بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ماف و داواكاری كورد بكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 28ـی ئایار، نیعمەت عەبدوڵا سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گەلی كوردستان نزیكەی (60) كورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، ئەگەر لیستێكی یەكگرتوو هەبووایە، ئەوا لیستی براوەی یەكەم دەبوو لە عێراق، لە بری ئەوەی پارتە سیاسییەكانی كوردستان رێی بەغدا بگرن، بەغدا رێی هەولێری دەگرت.

سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان گوتی، لە پڕۆژەكە هاتووە بەستنی كۆبوونەوەی لووتكەی پارتە سیاسییەكان بۆ كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ و داڕشتنی بەرنامەیەكی تۆكمەی یەكگرتوو تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی، بۆ ئەوەی كە نوێنەرەكان دەچنە بەغدا ناكۆكییەكانیان لە بن دوو بەرد دابنێن تا كاروبارەكان لە بەغدا بە ئامانج دەگەن، دواجار متمانە بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆیییەكانیش دروست دەبێت.

زیاتر گوتی، دامەزراندنی (تیم) لۆبی كوردستانی شارەزا لە بواری یاسای دەستووری و سیاسی و دیپلۆماسی وەك تیمێكی پشتگیری لە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا (پەرلەمان + حكوومەت) و لیستی هاوپەیمانی سەرۆك و جێگر و بریاردەری پسپۆڕ و شارەزای دەبێت كە بە نۆرە بێت (6 مانگ – ساڵێك) بەپێی رێككەوتن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژمارەی كورسی بكرێت.

ئاماژەی دا، پێویستە حزبە كوردستانییەكان پابەندبوون بە نەبەزاندنی هێڵی سووری بەرژەوەندی باڵای كوردستان، دەبێتە مایەی پاراستنی سەنگ و شكۆی هەرێمی كوردستان كە دەبێ وەك بیلبیلەی چاوی خۆمان بیپارێزین و خاوەنداریەتی بكرێت .

لە خاڵی كۆتای پڕۆژەكە هاتووە، وەرگرتنی پلەوپایەی پۆست بەپێی ئیستحقاقی هەرێمی كوردستان، هەر لایەنێكی كوردستانی وەری بگرێ نابێ وەك لایەنی حزبی بەكاری بهێنێ، بەڵكو بۆ خزمەتی بەرنامەی هاوپەیمانی دەبێت، دەكرێ بە گیانێكی لەخۆبوردووانە ئەم پۆستانەش دابەش بكرێت بۆ كەسانی شایستە و بە ئەزموون، كە هەمووان لە بەغدا دەبن بۆ شەڕی ماف نەك بۆ شەڕی كورسی و پۆست، بیركردنەوە لە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی زیانی دووسەرەی هەیە چ بۆ پرسی نیشتمانی چ بۆ ئەو لایەنەی كە بایكۆت دەكات.

ڕاگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە لەلایەن یەكێـتیی پەرلەمانتارانی كوردستان، لە كاتێكدایە كە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كورد بەشێوەیەكی پەرتەوازەیی دەبینرێت.




وشە - رامیار جەواد