سەرۆك بارزانی و خەمیس خەنجەر كۆ بوونەوە

:: PM:02:48:28/05/2018 ‌
سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە خەمیس خەنجەر سكرتێری گشتیی پڕۆژەی عەرەبیی عێراقی كرد و گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئاڵوگۆڕ كرد.

ئەمڕۆ دووشەم 28ـی ئایار/مایۆ، سەرۆك بارزانی لە سەڵاحەدین لەگەڵ خەمیس خەنجەر سكرتێری گشتیی پڕۆژەی عەرەبیی عێراق و شاندی یاوەری كۆ بووەوە، لەو دیدارەدا سكرتێری گشتیی پڕۆژەی عەرەبی عێراق، سوپاسی گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی كرد بۆ یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوانی عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا، هاوكات پێزانینی بۆ ڕۆڵ و كاریگەریی سەرۆك بارزانی لە پەنادانی ئاوارەكان هەبوو، بە هەڵوێستێكی مێژوویی ناوزەد كرد كە هەرگیز لە بیر ناكرێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا دووپاتیان لە هاوئاهەنگی كردەوە لە گەڵالەكردنی بۆچوونەكان لەمەڕ پرۆسەی سیاسی و بەرنامەی حكوومەتی داهاتوو.

دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەشی زۆری بەرپرسە سیاسییەكانی عێراق سەردانی سەرۆك بارزانی دەكەن بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی سیاسیی داهاتووی عێراق.
رامیار 



وشە - رامیار جەواد