هێنانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری خوار مۆدێل 2005 قەدەغە دەكرێ

:: PM:03:41:28/05/2018 ‌
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند ڕێنوێنییەك لەبارەی پێدانی كارتی هێڵی بارهەڵگر ڕاگەیاندووە و تێیدا هاتووە، پێویستە شۆفێر و خاوەن هێڵ پابەندی ئەوڕێنوێنییانە بن و بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیاری هەر كەمووكورتییەكن كە دواجار لە كەمەتەرخەمی خۆیان دروست دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 28ـی ئایار، بەپێی چەند ڕێنوێنییەك لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هاتووەتە ناردن بۆ مەرزەكان و بڵاو كراوەتەوە، ڕێنوێنیی پێدانی كارتی كاركردن بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر داواكار یان خاوەن ئۆتۆمبێل پێویستە دانیشتووی سنووری پارێزگا یان ئیدارە سەربەخۆیییەكان بێت كە پرۆسەكەی لێ ئەنجام دەدرێت.

لە بەشێكی ڕێنوێنییەكان هاتووە، داواكار نابێت پێشتر هێڵی وەرگرتبێت و سوودمەند بووبێت، هەروەها نابێت مووچەخۆری میری بێت، هەروەها پێدانی كارتی هێڵ بەپێی (تیروپشك) دەبێت، هەموو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان دەگرێتەوە بەپێی پێداویستی سنوورەكان.

دەبێت تابلۆی ئۆتۆمبێلەكان بارهەڵگرەكان تابلۆی هەرێم بێت و مۆدێلیان لە سەرووی (٢٠٠٥) بێت و ڕسووماتی پێدانی كارتی كاركردن لەسەر ساڵانەی ئۆتۆمۆبێل وەردەگیرێت، بەدیاریكردنی بڕی تۆن، هەروەها لەكاتی گۆڕینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر پێویستە ئۆتۆمبێلە تازەكە بەهەمان كێش بێت یا دوو تۆن زیاتر یان كەمتر و بەهەمان مۆدێل یا زیاتر ئەوە لە ڕێنونێییەكانی وەزارەتی گواستنەوە هاتووە.

 لە بەشێكی تری ڕێنوێنییەكان ئاشكرا كراوە كە ساڵانە پرۆسەی تیروپشك ئەنجام بدرێت بۆ داخڵكردنی ئۆتۆمۆبێلی نوێ ئەگەر پێویست بوو و خاوەن هێڵ دوای ئەنجامدانی تیروپشك نابێت بۆ ماوەی (٢) ساڵ تەنازول بكات بەپێچەوانەوە سزا و غەرامە دەكرێت لەگەڵ ساڵانە كارتی كاركردنیان بۆ نوێ دەكرێتەوە غەرامەی دواكەوتنیان لێ وەردەگیرێت.

لە چەند خاڵێكی ڕێنوێنییەكان ئەوەش خراوەتەڕوو بۆ ئۆتۆمبێلی یەك تۆن و دووتۆنی 21 هەزار دینار وەردەگیرێت و بۆ ئۆتۆمبێلی دوو تۆنی بەسەرەوە بۆ هەرتۆنێكی زیادە شەش هەزار دینار وەردەگیرێت و رەسمی ئارم بۆ ئۆتۆمبێل نۆ هەزار دینار وەردەگیرێت.

بڵاوكردنەوەی ئەو ڕێنوێنییانە لە كاتێكدایە ساڵانە بۆ ڕێكخستنی كاروباری دەروازە گومرگییەكان ئەنجام دەدرێت.



وشە - رامیار جەواد