یەكگرتوو: دەرفەتی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نییە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕای گەیاند، هێشتا ئەو دەرفەتە نییە كە كۆبوونەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم 28ی ئایار/ مایۆ، خەلیل ئیبراهیم ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە بەفەرمی هیچ شتێك لەبارەی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە ئارادا نییە.
ڕوونی كردەوە كە ئەوان نەیانبیستووە لایەنێك داوای كۆبوونەوەی كردبێت و لایەنێكی تر ڕەتی كردبێتەوە، بۆیە تا بە فەرمی شتێكی وا نەبێت قسەی لەبارەیەوە ناكەن.
دوێنی دوای كۆتاهاتنی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە سلێمانی گوتەبێژی ئەو حزبە ڕای گەیاند، داوای كۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەكەن لە بەرانبەردا بەرپرسەكەی یەكگرتوو دەڵێت، هێشتا ئەو دەرفەتە نییە كە كۆبوونەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بكرێت.
دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان تووڕەن لەو ساختەكارییانەی لە هەڵبژاردنەكاندا كراوە، بۆیە ناتوانن تا یەكلاكردنەوەی ئەنجامی سكاڵاكان هیچ كۆبوونەوەیەك بكەن.
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دوو كورسی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەستهێناوە، ئەوانیش هاوشێوەی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی تر دەڵێن، لەلایەن یەكێتییەوە دەنگەكانیان دزراوە و داوای ئاشكراكردنی دەنگە ڕاستەقینەكەیان دەكەن.
وشە -
سهرخێڵ هاشم