ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆژەی چاكسازی زیاتر دەبێ

:: PM:08:35:28/05/2018 ‌
ماوەی دوو مانگە پەرلەمانی كوردستان هیچ كۆبوونەوەیەكی لەسەر پڕۆژە یاسایی چاكسازی مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی نەكردووە، لە كاتێكدا تەنیا سێ‌ مادەی ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە هەموار كردنەوە هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 28ـی ئایار، ئاواز حەمید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی كۆنەبوونەوەی لیژنەی یاسایی ئێستە پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی وەستاوە و پەرلەمانی كوردستان نەیتوانیوە كۆبوونەوە بكات.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لیژنەی یاسایی تا ئێستە یەك كۆبوونەوەی لەسەر پڕۆژەكە ئەنجام داوە و بەهۆی تەواو نەبوونی ژمارەیی یاسایی ئەندامانی لیژنەكە نەتوانراوە پڕۆژەكە بەرز بكرێتەوە تا لەهۆڵی پەرلەمانی كوردستان و پەسەند بكرێت.

بەقسەی ئاواز حەمید، تا لیژنەی یاسایی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام نەدات ناتوانرێت ئەو پڕۆژەیە لە هۆڵی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت، بۆیە ئەوەیش ئاستەنگێكی ترە لەبەردەم پڕۆژەكە.

پڕۆژە یاسای چاكسازی و خانەنیشنی لە كۆتایی ساڵی 2017 حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی كرد بە پەسەند كردنی ئەو پڕۆژەیەش دەتوانرێت كۆتایی بە پاشەكەوتی مووچە بهێندرێت.



وشە - رامیار جەواد