كۆمەڵی ئیسلامی: پێویست بوو پارتی و یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆببنەوە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی ڕەخنە لەسەردانی شاندی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا دەگرێت و دەڵێت، پێویست بوو پارتی و یەكێتی بەر لەسەردانەكانیان بۆ بەغدا لەگەڵ لایەنە ناڕازییەكان گفتوگۆیان كردبوایە.
ئەمڕۆ دووشەم 28ی ئایار/ مایۆ، شوان ڕابەر ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەركاتێك پارتی و یەكێتی داوایان لێكردین لەبارەی حكوومەتی داهاتووی عێراق كۆببینەوە، وەڵامی خۆمانمان دەبێت.
زیاتر گوتی، پێویست بوو پارتی و یەكێتی بەرلەوەی بچن بۆ بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا كۆببنەوە و ڕەزامەندی تەواوی لایەنەكانیان بەدەست هێنابوایە.
ڕوونیشی كردەوە كە كۆمەڵ و لایەنەكانی تریش تا ئێستە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕەت دەكەنەوە و " پێمان وایە ئەو ساختەكارییەی كرا یەكڕیزی ناوماڵی كوردی نەهێشت".
بەرپرسەكەی كۆمەڵی ئیسلامی لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە كۆمەڵ و لایەنە ناڕازییەكان هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ گەڕاندنەوەی دەنگە دزراوەكان و ئەگەرەكان تا ئێستە لەبەردەم لایەنە ناڕەزاییەكاندا كراوەن.
لێدوانەكەی ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی ئیسلامی لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی ڕای گەیاند، بەهۆی ئەو ساختەكارییەی كراوە هیچ دەرفەتێك بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان نییە.
پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر ڕای گەیاندبوو كە دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆی كوردستان دەكەن و بەپێویستیان زانی، كورد بەیەك دەنگ بچێتەوە بۆ بەغدا.
ناڕەزای ئەو لایەنانە دوابەدوای ئەوە دێت كە وەك خۆیان دەڵێن لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساختەكاری زۆری ئەنجامداوە و لە سنووری سلێمانی دەنگی ئەو لایەنانەی دزیوە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم