ئەم جۆرە دەرگایە گیانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە

:: PM:09:28:28/05/2018 ‌
نەخۆشخانەیەكی هەولێر وریایی بە هاووڵاتییان دەدات لە بوونی دەرگای جۆی سكە كە ئێستە بەكاردەهێندرێت، چونكە بووەتە هۆكاری گیان لە دەستدانی منداڵان، بۆیە داوا دەكەن هاووڵاتییان دوور بكەونەوە لە بەكارهێنانی ئەم جۆرە دەرگایانە لە ماڵەكانیان.

ئەمڕۆ دووشەم 28ـی ئایار، لە راگەیەنراوێكی نەخۆشخانەی فێركاری هەولێر هاتووە، بەهۆی بەربوونەوەی دەرگای سكە بەسەر منداڵێك لە  ماڵەكەیان، منداڵەكە دووچاری بریندار بوون دەبێت بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە،  ماوەیەكە هاوشێوەی ئەو رووداوانە ڕوو لەزیاد بوونە و بەهۆی شكانی دەرگای سكە هاووڵاتییان بەسەختی بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن. 

لەكۆتایی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، نەخۆشخانەی فێركاری داوا لە هاووڵاتییان دەكات لە پێناو سەلامەتی و پارێزراوی هەموو لایەك خۆتان بەدوور بگرن لەبەكارهێنانی ئەم جۆرە دەرگایانە بۆ ماڵەكانتان.

دەرگای جۆری سكە لە دوای ساڵی 2010 لە هەرێمی كوردستان بووەتە مۆدێرن و پێشتر لە ولاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا بوونی هەبوو، بەڵام ئەوەی ئێستە لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە بەشێوەی كلاسیك و بێ كوالێتیە، بۆیە ئەم ڕووداوانە دروست دەكات.



وشە - رامیار جەواد