په‌رله‌مانتاران به‌ره‌و په‌رله‌مان ده‌ڕۆن و جبووریش له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی یاسایی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌

:: PM:04:32:06/06/2018 ‌
هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی چوارەمی تایبەتی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بەردەوامن، بەڵام تا ئێستە ڕێژەی یاسایی تەواو نەبووە و مەترسی شكستی دانیشتنی پەرلەمان هەیە.

سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، تا ئێستە 100 پەرلەمانتار گەیشتوونەتە پەرلەمان و وردە وردە پەرلەمانتاری تریش دەگەن، بەڵام ئەگەری تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی هەیە، چونكە دۆخەكە گەیشتووەتە بنبەست و دەبێ هەمووان خۆیان بۆ بەرەی هەڵوەشانەوە یان لەگەڵبوونی ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلا بكەنەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ لیژنەی یاسایی لە كافتریای پەرلەمان لە كۆبوونەوەدایە و تا ئێستەیش ڕوون نییە دانیشتنەكە ڕێژەی یاسایی تەواو دەكات، یان شكست دێنێت.

پێشتر عادل نووری پەرلەمانتار و سەرۆكی لیژنەكەی پەرلەمان بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان چەند تەوەرێك لەخۆدەگرێت، لەوانە پرۆژەی هەمواركردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان دەخرێتەڕوو، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی ئەمڕِۆ خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت.

ئاماژەی دا، ئەم پێشنیازە سێ بڕگە لە خۆ دەگرێت، لە یەكەمیان كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان پابەند دەكرێت، بەوەی هەژماركردنی بەدەست بۆ هەموو دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بكات، لە بڕگەی دووەم پووچەڵكردنەوەی دەنگدانی دەرەوەیە، سێیەمیشیان دانانی نۆ دادوەری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بكەن، لە شوێنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل