وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەفارسی پەیامێك ئاراستەی ناڕەزاییكارانی ئێران دەكات

:: PM:07:53:27/06/2018 ‌

ئیفیغدۆر لیبرمان وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە زمانی فارسی پەیامێك ئاراستەی ناڕەزاییكارانی ئێران دەكات و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكایش سەركۆنەی رەفتاری دەسەڵاتدارانی ئێران لەبەرانبەر ناڕەزاییكاران دەكات.

لیبرمان ئەمڕۆ چوارشەم لە گەرمەی ناڕەزایی بازرگانانی ئێران لە بەرانبەر گرانبوونی نرخ و دابەزینی بەهای تمەنی ئێران لەبەرانبەر دراوی بیانی، بە زمانی فارسی لە (تویتەر) پەیامێك ئاراستەی ناڕەزاییكاران دەكات و خوێ دەخاتە سەر برینی ئێرانییەكان و دەڵێت، تا ئەمڕۆیش سەرەڕای سەختی دۆخی ئابووری ناوخۆیی، رژێمی ئێران سەرقاڵی خەرجكردنی ملیاران دۆلارە لە سووریا و لە حزبوڵا و جیهادی ئیسلامی لە فەڵەستین و لە حوسییەكان لە یەمەن و میلیشیاكانی شیعە لە عێراق. 

زیاتر گوتی، لە 2018 ئێران بەڵێنی پێشكەشكردنی بڕی 2.5 ملیار دۆلاری بەهەریەك لەوانە داوە، جیا لە 14 ملیار دۆلار كە لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە سووریا خەرجی كردووە و ئاماژەی كرد، مانگی رابردوو ئەو كاتەی سەرقاڵی جەنگ بوون لەپێناو نان لە شەقامەكانی ئێران، قاسم سلێمانی سەرقاڵی چەند ئۆپراسیۆنێك بووە لە سووریا بەتێچووی 70 ملیۆن دۆلار.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەركۆنەی شێوازەكانی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی لەگەڵ ناڕەزایەتییەكانی ئێستەی تاران كرد كە دەستی كردووە بەگرتنی ناڕازیان و بێبەشكردنیان لە مافەكانیان و ئاماژەی كرد، گەلی ئێران داوای مافی خۆی دەكات بۆ بەهەدەر نەدانی سامانەكانی كە بەشێوەیەكی دادوەرانە دابەش بكرێت و پێویستە سەرانی ئێران بەپیر داوای ئەوان بێن.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز 










وشە - مه‌حموود ئیسماعیل