حەشدی شەعبی عامری بۆ سەرۆك وەزیران كاندید دەكات

:: AM:10:17:03/07/2018 ‌
سەرچاوە سیاسییەكان لە بەغداوە ئاشكرایان كرد، بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی گرووپەكانی ناو هاوپەیمانی فەتح كە بە هاوپەیمانی حەشدی شەعبی و نزیك لە ئێران ناسراوە، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانییەكە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی نوێی عێراق كاندید كراوە.

ڕۆژنامەی "العربی الجدید" لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی رێككەوتوون و بە زۆرینەی دەنگەكانیان لە ناوخۆیان هادی عامرییان هەڵبژاردووە تا كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بێ و تاكە نوێنەری هاوپەیمانی فەتح بێ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

سەرچاوەكان هێما بۆ ئەوەیش دەكەن، كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە شەوی ڕابردوو لە بەغدا ئەنجام دراوە، جیا لە هادی عامری، فالح فەیازی سەرپەرشتیاری گشتی دەستەی حەشدی شەعبیش یەكێك بووە لە كاندیدەكان، بەڵام دەنگی زۆرینەی نەهێناوە، هەرچەندە لەلایەن حزبوڵای لبنان و بەشار ئەسەد پشتیوانی لێ دەكرێ، بۆیە لە ئەگەری وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، پێشبینی دەكرێ پۆستێكی باڵای لە حكوومەتی داهاتووی عێراق پێ بدرێت.

واسق نەجەفی سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح بۆ ڕۆژنامەكە دەڵێ، تا ئێستە ئەو پرسە بە تەواوی یەكلا نەبووەتەوە، بەڵام لە كۆتاییدا، تاكە كاندیدی هاوپەیمانی بۆ وەرگرتنی سەرۆك وەزیران هەر هادی عامری دەبێت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د