دۆسیەی پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان دەچێتە دادگا

:: PM:12:25:03/07/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات، دۆسیەی پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان ئەمڕۆ لە دادگا بەڕێوە چوو، جارێكی تر داوای تەمیزمان كردووە بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتییان نەچەسپێت.

ئەمڕۆ سێشەم سێی تەمووز/ یۆلیۆ، دلێر حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئامادە بووین لە دادگای بەرایی دەشتی هەولێر (كەسنەزان) بۆ جاری سێیەم دوای ئەوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێكە سكاڵامان تۆمار كردووە لەسەر كۆمپانیای یونایتدمیكس میدیا.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، بەداخەوە ئەمڕۆ پێیان ڕاگەیاندین هەوڵێك هەیە بۆ خنكاندنی داواكە لە بەرژەوەندی كۆمپانیا، بۆیە دڵنیایی هاووڵاتییان دەكەینەوە بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان لە پێناو گێڕانەوەی مافی هاووڵاتییان، چونكە دادگا پێی ڕاگەیاندین كە كۆمپانیا خۆی ڕێك خستووەتەوە و هەندێك مۆڵەتی دەرهێناوە.

ئاماژەی دا، كە بڕیارەكەی دادگا تەمیز دەكەینەوە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە ئەو بارگرانییە بەسەر هاووڵاتییان نەچەسپێت.
 
ماوەی چەند مانگێكە پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستان بووەتە پارە و ئەمەش هاووڵاتییانی نیگەران كردووە، چەندان جار ناڕەزایەتی لەسەر ئەو كۆمپانیایانە دەردەبڕێت و سێ‌ كۆمپانیاش پەخشەكانیان وەرگرتووە.



وشە - رامیار جەواد