وردەكاری ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست لە سلێمانی

:: AM:11:33:09/07/2018 ‌
نوێنەری لایەنە ناڕەزایەتییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكەن، ئەوان تانەیان لە سێ‌ هەزار و 800 سندووق داوە، ئێستە 188 سندووقی جیاوازیان هێناوە بۆ دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی تەمووز/ یۆلیۆ، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا نوێنەری شەش حزبە ناڕەزایەتییەكی سلێمانی ئاشكرایان كرد، پرۆسەی دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان بەشێوەیەكی ناشەفاف بەڕێوە دەچێت و جێی گومانە.

نوێنەری ئەو حزبانە ئاشكرایان كرد، پرۆسەكە بەشێوەی ناشەفاف بەڕێوە دەچێت، چونكە ڕێیان بە نوێنەرەكانمان نەداوە لە دووری 15 مەتر زیاتر لە سندووقەكان نزیك ببنەوە و چەند جارێكیش سەرپەرشتیارانمان ئاگەدار كردووە، بەڵام ڕەتیان كردەوە بچینە پێشتر.

ئاماژەیان دا، لە سلێمانی تانەیان لە سێ‌ هەزار و 800 سندووق داوە، بەڵام ئێستە 188 سندووقیان هێناوە بەخۆیان هەژماری دەكەنەوە ئەو سندووقانە نییە كە ئێمە گومانمان لەسەر هەبووە.

لە 12ـی ئایاری ئەمساڵ پرۆسەی دەنگدان لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە چوو، لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ گومان لە پرۆسەكە دەستی پێ‌ كرد و بەشێكی زۆری حزبەكان ئەنجامە بەرایییەكان و ئەنجامی كۆتایشیان ڕەت كردەوە، بۆیە بەبڕیاری دادگا بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست درا.



وشە - رامیار جەواد