لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ 21 كرێكار گیانیان لە دەست داوە

:: PM:02:16:11/07/2018 ‌


بەپێی ئامارێكی سەندیكای كرێكارانی كوردستان، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان 21 كرێكار گیانیان لە دەست داوە و بەگوێرەی ئاماری رێكخراوێكی تریش، رێژەی قوربانییان لە سلێمانی بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزیوە.

عوسمان حەمە سەعید سەرۆكی سەندیكای بیناسازی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم 11ی تەمووز بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حاڵەتەكانی گیان لە دەستدانی كرێكار لە كاتی كاركردن، بەشێكی پێوەندی بە جێبەجێ نەكردنی مەرج و ڕێنوێنییەكان هەیە لە لایەن خاوەن كار و بەشەكەی تریش بۆ كرێكارەكە خۆی دەگەڕێتەوە.

ئەو گوتی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، تەنیا لە سلێمانی چوار كرێكار گیانیان لە دەست داوە، لەگەڵ ئەوەش بە زیاتر لە 10 كرێكار بریندار بوون، لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو كۆی ساڵەكە 16 كرێكار گیان لە دەست دا و بەوپێیەش بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو گیان لە دەستدانی كرێكار كەمی كردووە.

ئەو بە پێویستی دەزانێت خاوەن كار لە كاتی كاركردندا، سەرجەم مەرج و ڕێنوێنییەكان جێبەجێ بكات بۆ ئەوەی كرێكار سەلامەتی خۆی دەستەبەر بكات، لەسەر كرێكاریش پێویستە كەلوپەلەكانی تایبەت بە پاراستن لە كاتی كاركردن بەكار بهێنێت.

بەپێی ئامارێكی ڕێكخراوی كرێكارانی كوردستانیش لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان 21 كرێكار گیانیان لە دەست داوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان