ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌ی خۆی نیشان داوه بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ تیرۆرستانی تاڵیبان بۆ كۆتاییهێنان به 17 ساڵ شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌فغانستان، به‌م شێوه‌یه‌ش بێت دوای ڕێككه‌وتن سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له وڵاته‌كه ده‌كشێنه‌وه.
ئاژانسى
sputnik بڵاوى كردووه‌ته‌وه دوای 17 ساڵ له بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان بۆ شه‌ڕكردن دژی تاڵیبان و گرووپه تیرۆرستییه‌كان، جۆن نیكڵسن فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له وڵاته‌كه ڕای گه‌یاند، فه‌رمانمان له مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێ گه‌یشتووه بۆ ئه‌وه‌ی دانوستان له‌گه‌ڵ تاَلیبان بكه‌ین و كۆتایی به شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌فغانستان بهێنین، دوای ڕێككه‌وتنه‌كه‌یش هێزه‌كانمان له وڵاته‌كه ده‌كشێنینه‌وه.
له‌لای خۆیه‌وه تاڵیبان له چه‌ند لێدوانێكدا ئاماژه‌یان داوه كه ئه‌مه‌ریكا تاكه هێز ده‌بێت دانوستانی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، سوهێل شاهین گوته‌بێژی گرووپه‌كه ئاشكرای كرد كه پێشوازی له ستراتیجه نوێكه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن و ئه‌مه تاكه ئامانجی تاڵیبانه به ده‌رچوونی هێزه بیانییه‌كان له ئه‌فغانستان.
له ساڵی 2001 وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ هێرشه تیرۆرستییه‌كه‌ی 11ی سێپتێمبه‌ری واشنتن، ئه‌مه‌ریكا هێرشی كرده سه‌ر حكوومه‌تی تاڵیبان كه ته‌واوی ئه‌فغانستانیان كۆنتڕۆڵ كردبوو، دوای ڕووخاندنی حووكمی تاڵیبانیش شه‌ڕ و ئاڵۆزی به‌رده‌وام بوونی هه‌یه و ژماره‌یه‌كی زۆری هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش له وڵاته‌كه ماون و مه‌شقی به سه‌ربازانی ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن.