باندی چەقۆوەشاندان لە كەلار بڵاو دەبنەوە

:: AM:11:50:17/07/2018 ‌

لە بەدواداچوونێكی "وشە" دەركەوتووە كە لە ماوەی هەفتەیەكدا لە سێ شوێنی جیاوازی كەلار، باندی چەقۆوەشێن دەركەوتوون و لە گەنجانی شارۆكەكەیان داوە، ئەمەیش گەنجان و خەڵكی كەلاری بە تەواوی نیگەران كردووە.

عەمید دیار شەوكەت بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەلایەن پۆلیسی خانەقینەوە دوو گەنجی چەقۆوەشێن گیراون، پاش ئەوەی لە سێ ڕۆژی ڕابردوو گەنجێكی كوردیان بەناوی عەلی كەمال كوشت، هاوكات ئەو چەقۆوەشێنانە مادەی هۆشبەریش بەكار دەهێنن و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی ناوچەكە.

رائید عەلی جەمال بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بۆ "وشە" گوتی، لەم هەفتەیە چوار ڕووداوی چەقۆوەشاندن لە گەنجان و خەڵكی كەلار تۆمار كراوە.

زیاتر گوتی، لە شارەدێی ڕزگاری گەنجێكی بە چەقۆ بریندار كراوە، سەختی برینەكەی وای كرد ڕەوانەی سلێمانی بكرێ، چەقۆوەشێنەكەیش گیراوە، هاوكات لە گەڕەكی ئاوارەكانیش سێ گەنج بە چەقۆ هێرشیان كردووەتە سەر گەنجێكی تر و برینداریان كردووە.

ڕوونی كردەوە، چوار حاڵەتی تریش لە سێ ناوچەی جیاواز لەم هەفتەیە تۆمار كراون و تەنیا دوو كەسیش بە تۆمەتی چەقۆدان لە خەڵك گیراون، خەریكە چەقۆ وەشاندن دەبێتە دیاردە و مەترسییەكی گەورەی دروست كردووە.

هیوا حەسەن توێژەری كۆمەڵایەتی لە گەرمیان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حاڵەتەكان ڕوو لە زیادبوون دەكەن، بۆیە ئەم بابەتە دەبێتە دیاردەیەكی مەترسیدار، گرنگە حكوومەت و لایەنە پێوەندارەكان ڕێ لەو دیاردەیە بگرن، چونكە ئاسایش و شیرازەی كۆمەڵایەتی ناوچەكە تێك دەدات.

بەگوێرەی ئامارێكی پۆلیسی گەرمیان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە 200 حاڵەتی شەڕكردن لە گەرمیان تۆمار كراون، كە زۆرینەی ڕەهای شەڕەكانیش بە چەقۆ ئەنجام دراون.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د