ئێران دەڤەری برادۆست تۆپباران دەكات

:: PM:02:39:17/07/2018 ‌
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم 17ی تەمووز/ یۆلیۆ، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە چڕی گوند و ئاوایییەكانی دەڤەری  برادۆستی لە سنووری سۆران تۆپباران كرد و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە تۆپبارانەكە بەردەوامە.

هەژار سەلمان هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی تۆبزاوەی سیدەكانە بە "وشە"ی راگەیاند، تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە چڕی چیای بەربزین و گوندی كەتینە و بنپەرێزە و بەنێ و دەرهۆڵ و بنی ڕەشكین و گەرووی سنگا تۆپباران دەكەن.

زیاتر گوتی، تۆپبارانەكە بەردەوامی هەیە و ئاگریش بەربووەتە رەز و باغەكانی هاووڵاتییان و گوندنشینان، لە ترسی تۆپبارانەكەیش رێژەیەكی زۆری گوندنشینان و جووتیار و رەوەند كوێستانەكانی بەربزینیان جێ هێشتووە و هاتوونەتە خوارەوە.

هاوكات سەرچاوەیەكی تەناهیش بۆ "وشە" زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە و ڕای گەیاند، بەهۆی بوونی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكرات لە سنووری سیدەكان و ئەو ململانێی نێوان هەردوولا لە رۆژهەڵاتی كوردستان وای كردووە ئێران گوند و ئاوایییەكانی سیدەكان بكاتە ئامانج و تۆپبارانی بكات.

سەرباری ئێران، چەندان جاری تر توركیا ئەو سنوورەی بە بیانووی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆردمان كردووە و زیانی زۆری بە خەڵكی ئەو سنوورە گەیاندووە.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم