لیژنەیەكی پەرلەمان لە ڕێی "وشە"ەوە داوایەك لە وەزیری خوێندنی باڵا دەكەن

:: PM:04:02:17/07/2018 ‌
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ڕێی "وشە"ەوە داوایەك ئاراستەی وەزیری خوێندنی باڵا دەكەن و داوای پێداچوونەوە بە بڕیارێكی دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 17ـی تەمووز/ یۆلیۆ، شوكریە شێخانی ئەندانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوەمان هەبوو باسی كێشەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی كرا.

ئەندامەكەی لیژنەی پەروەردە گوتی، لەڕێی سایتەكەی ئێوە داوا لە وەزیری خوێندنی باڵا دەكەین پێداچوونەوە بە بڕیاری %70 بكات بۆ وەرگرتنی لە خولی یەكەم، چونكە ئەو بڕیارە خزمەت بە قوتابییان ناكات و قوتابی ناتوانێت پارێزگاری لە نمرەكانی بكات بۆ خولی دووەم.

ئاماژەی دا، ڕێژەی دەرچوون لە خولی یەكەم زۆر كەمە و پێویستە وەزیری خوێندن باڵا بەو بڕیارەی بچێتەوە سەرجەم ڕێژی دەرچوون بریتی بووە %28 كە ئەمەش وادەكات بۆ خولی دووەم ئەركی قوتابی قوڕس بێت بە تایبەتی بەشی زانستی كە ڕێژەكەیان زۆر كەمە.

دوای ڕاگەیاندنی نمرەی قوتابییانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێكی دەركرد كە ڕێژەی وەرگرتن %70 بۆ دەرچووانی خولی یەكەم دەبێت و %30 بۆ دەرچووانی خولی دووەم دەبێت، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی زۆری دروست كرد.



وشە - رامیار جەواد