چۆنییەتی كاركردنی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان تاوتوێ‌ دەكرێت

:: PM:04:32:17/07/2018 ‌
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆكان لەسەر پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەردەوام بوو، ئێستە تەواوی پێڕەوە نوێیەكە ئامادە كراوە جگە لە دوو پرس كە بڕیارە لە دانیشتنی داهاتوو گفتوگۆی لەسەر بكات.

ئەمڕۆ سێشەم 17ـی تەمووز/ یۆلیۆ، قادر وەتمان ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەن خۆجێییەكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە گفتوگۆی ئەمڕۆی پەرلەمان لەسەر پێڕەوی ناوخۆ ئەو بەشەی پێوەندی بە بودجەوە هەبوو پەسەند كرا.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، چۆنییەتی هاتنی ڕەشنووسی بودجە بۆ پەرلەمان لەلایەن حكوومەت و ڕێكارەكانی گفتوگۆكردنی و ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكان و ڕاپۆرتەكانی لیژنەی تایبەتمەند و لیژنەی دارایی و وەبەرهێنان گفتوگۆی لەسەر كراوە و لەبەشێكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەسەر ڕەشنووسی بودجە و دەنگ لەسەر دانی و پەسەند كردنی بڕیاری لەسەر درا.

پەرلەمنتارەكە ئاماژەی دا، ئێستە گفتوگۆ لەسەر لیژنەی تایبەتەكان و ئۆپزسیۆن بوون و فڕاكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر كرا، تەنیا پەسەند كردنی ماوە.

" دانیشتنی ئەمڕۆ بەردەوامە و پێشبینی دەكرێت ئەوەی پێوەندی بە سەرۆكایەتی پەرلەمان و جێگر و سكرتێر و فراكسیۆنەكان پەسەند بكرێت، بۆیە بە كۆبوونەوەیەكی تر تەواوی پێڕەوەكە پەسەند دەكرێت كە ئێستە تەنیا دوو بابەت دەمێنێت".  قادر وەتمان وای گوت.

دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ پێڕەوی ناوخۆی ماوەی چوار دانیشتنە بەردەوامە و ئەمڕۆیش چەند مادەیەكی تر لە پێڕەوی ناوخۆ پەسەند كرا.



وشە - رامیار جەواد