حكوومەتی عێراق چاكسازی دەكات و ژمارەیەك بەرپرس دوور دەخاتەوە

:: PM:05:19:17/07/2018 ‌

رۆژنامەیەك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە دوای ناڕەزایەتییەكانی دوایی جەماوەری لە عێراق، حكوومەتی عێراق بەنیازە گورزەیەك چاكسازی لە وڵات رابگەیەنێت لەوانە لادانی ژمارەیەك بەرپرسی باڵا و بەپێی سەرچاوەكان دۆسیەی لادانی قاسم فەهداوی وەزیری كارەبای عێراق لەسەر مێزی عەبادییە.

وەك لە رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید"ی قەتەڕیدا هاتووە، بەرپرسێكی باڵای عێراق ئاماژەی كردووە كە حكوومەتی عێراق خۆی بۆ راگەیاندنی گورزەیەك چاكسازی ئامادە كردووە، لەوانە لادانی ژمارەیەك بەرپرسی باڵا لە وەزارەتەكان، لەپاڵ لادانی ژمارەیەك بەرپرسی ناوخۆیی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق كە ناویان لەناو ناڕەزایەتییەكانی جەماوەریدا هاتووە.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، چاكسازییەكان رەوانەكردنی ژمارەیەك لەو بەرپرسانە بۆ دادگای دەستپاكی و دادوەری ئیداری دەگرێتەوە، هەروەها تەرخانكردنی پارە بۆ پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاست و ناچاركردنی كۆمپانیاكان بۆ زیادكردنی ژمارەی كرێكارانی عێراق كە كاریان تیادا دەكەن، جیا لە دابینكردنی سووتەمەنی بێ بەرانبەر بۆ موەلیدەی گەڕەكەكان. 

ماوەی نزیكەی 10 رۆژە ناڕەزایی جەماوەری زۆرینەی شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە و خەڵكی ناڕازی داوای باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان لە ئاوی خواردنەوە و كارەبا دەكەن، هەروەها داوای دابینكردنی هەلی كار دەكەن كە رێژەی بێكاری و هەژاری لە سایەی بوونی رێژەیەكی گەورەی گەندەڵی و سەرەڕای داهاتی گەورەی نەوتی عێراق، زۆر هەڵكشاوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل