یەكێتی پرسی بەستنی كۆنگرە پەڕاوێز دەخات

:: PM:05:22:17/07/2018 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باسی كۆنگرەی داهاتووی ئەو حزبە نەكراوە، لە كاتێكدا پێشتر بانگەشەی ئەوە دەكرا یەكێتی لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆنگرە دەبەستێت.

ئەمڕۆ سێشەم 17ی تەمووز/ یۆلیۆ، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەیشدا هیچ كام لە ئەندامەكان باسی بەستنی كۆنگرەی ئەو حزبەیان نەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئێستە لەناو یەكێتی بابەتی بەستنی كۆنگرە پەراوێز خراوە و پێناچێت لە وادەیەكی نزیكدا ببەسترێ،‌ وەك ئەوەی چەند كەسێكی باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكەن.

هاوكات میدیای یەكێتی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاوی كردەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان و سەردانی یەكێتی بۆلای لایەنە سیاسییەكان و بابەتی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق تاوتوێ‌ كراوە.

رێواس فایەق ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ڕای گەیاندووە، یەكێتی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن دەكات و لەگەڵ پارتیش بە یەك پاكێج دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافی هاووڵاتییانی كوردستان بكەن.

بەرپرسانی یەكێتی دوابەدوای كۆبوونەوەكە لە لێدوانەكانیاندا بە هیچ جۆرێك باسی بەستنی كۆنگرەی حزبەكەیان نەكردووە، لە كاتێكدا پێشتر بڕیاربوو لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی هەوڵی سەرەکئئام بۆ ئامادەكاری كۆنگرەی داهاتوویان بێت.

یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانییەوە ماوەیەوەكی زۆرە ناتوانێ‌ كۆنگرە ببەستێ‌، ئێستە بۆچوونی زۆر لەناو یەكێتی هەن كە بەستنی كۆنگرە ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ئەو حزبە نەك یەكخستن و ڕێكخستنەوەی، بۆیە نایانەوێ‌ خۆیان لە كارێكی لەمجۆرە بدەن.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم