بڕیارێكی تر بۆ ڕێگەی هەولێر- كۆیە دەرچوو

:: PM:06:02:17/07/2018 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای دەكات بەمەبەستی ڕەچاوكردنی بارودۆخی چینی هەژاران بڕیادرا ڕێگە بدرێت بە هاتوچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بارەكەیان چوار تەن زیاتر نییە.

ئەمڕۆ سێشەم 17ـی تەمووز/ یۆلیۆ، مقەدەم فازڵ حاجی حسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئاگەداری هاووڵاتیان دەكەینەوە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی یارمەتیدانی چینی هەژار ڕێگەی هەولێر- كۆیە بە شێوەی مەرجدار بەڕووی بارهەڵگرەکاندا كراوە دەبێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر گوتی، بریاردرا لەسبەی 2018/7/18 ـەوە ڕێگا بدرێت بە شوفێرانی بارهەلگر كە بارهەلگرەكانیان هەلگری چوار تەنە، بەرۆژ بتوانن بچنە ڕێگەی هەولێر – كۆیە.

ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆ ئاشكرای كرد، ئەو بڕیارە هاوكاتە لەگەڵ مانەوەی بڕیارەكەی پێشوو بەقەدەغەكردنی چوونە رێگای كۆیە بۆ بارهەلگرەكانی سەرووی چوار تەنی لە رۆژدا.

بەهۆی زۆری ڕووداوەكانی هاتوچۆ لەماوەی ڕابردوو چەندین جار بڕیاری جۆراوجۆر بۆ ئەو ڕێگە دەرچوو، لەدوایین بڕیاریشدا بڕیاردرا بە قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە سەعات شەشی بەیانی بۆ هەشتی ئێوارە بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر.

ڕێگەی هەولێر – كۆیە بەهۆی داخستنی ڕێگەی هەولێر- كەركووك ماوەی ساڵێك دەبێت جمجۆڵێكی هاتوچۆی زۆری كەوتۆتەسەر و بەو هۆییەوە چەندین ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە.



وشە - رامیار جەواد