بە بۆردمانەكانی ئێران دوو پێشمەرگەی دیموكرات شەهید بوون

:: PM:08:08:17/07/2018 ‌
فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی سەر بە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ڕای گەیاند، لە ئەنجامی بۆردمانی تۆپخانەكانی ئێران بۆ سنووری دەڤەری برادۆست، دوو پێشمەرگەی ئەو حزبە شەهید بوون و پێشمەرگەیەکیش بریندار بوو.

ئەمڕۆ سێشەم 17ی تەمووز/ یۆلیۆ، تۆبخانەكانی ئێران سنووری دەڤەری برادۆستیان بۆردمان كرد و جیا لەوەی زیانی زۆر بەر هاووڵاتییان كەوتووە، دوو پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران شەهید بوون.

كاوە بەهرامی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی سەر بە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تۆپخانەكانی كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران ژمارەیەك گوندیان لە سنوری باڵەكایەتی و برادۆست تۆپباران كرد و لە برادۆست گوندەكانی‌ بەربزین، كەتینە دەرهۆڵ، بنپەرێز، بنی رەشكین تۆپباران كران و لە باڵەكایەتی‌ گوندەكانی ئالانە و زینوە تۆپباران كران.

زیاتر گوتی، بەهۆی چڕی تۆپبارانەكەوە زەرەر و زیانی زۆر بەر خەڵكی ناوچەكە كەوت و دوو پێشمەرگەی  هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ناوەكانی رەحیم رۆستەمداستان خەڵكی مەهاباد و ئیدریس دەروێشی خەڵكی پیرانشار شەهید بوون و پێشمەرگەیەكی تریش بریندار بوو.

ئەوە لەكاتێكدایە كە چەندان جارە کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران ئەو سنوورانە بۆردمان دەكات و زیانی زۆر بە هاوولاتییان دەگەیەنێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم