ترەمپ لە قسەكانی لەبارەی رووسیا پاشگەز دەبێتەوە

:: PM:11:18:17/07/2018 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانەكانی لەبارەی تێوە نەگلانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە 2016 پاشگەز بووەوە و گوتی كە لە دەربڕینی قسەكانیدا هەڵەی كردووە و مەبەستی ئەو تەواو پێچەوانە بووە كاتێك ئاماژەی كردووە بە نەبوونی پاساو بۆ دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە 2016.

دوای شەوێك لە رەخنەكانی بەرپرسانی پارتی كۆماری، ئەمڕۆ ترەمپ لە كۆشكی سپی بە رۆژنامەوانانی راگەیاند كە ئەو مەبەستی بووە بڵێت كە پاساوێك نابینێت بۆ ئەوەی رووسیا بەرپرس نەبێت لەو كارە و دووپاتی كردەوە كە قبووڵی ئەو ئەنجامە دەكات كە هەواڵگریی ئەمەریكا پێی گەیشتووە بەوەی رووسیا دەستی لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا وەرداوە، هاوكات رەتی كردەوە بەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەو دەستی لەو كارە تێكەڵ كردبێت. 

ترەمپ لە بەرانبەر جموجۆڵەكان لە هلسنكی و سەركۆنە نەكردنی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە كاتێك رای گەیاند كە رووسیا كاریگەری نەبووە بۆ سەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە 2016. 

ترەمپ دووچاری رەخنە و توڕەیی ئەندامانی هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتەكان بووەوە بەهۆی ئەوەی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ پووتن لەدوای دیداری دووشەمی رابردوویان لە گرنگی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی ئەمەریكای كەم كردەوە لەبارەی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە 2016.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئامادەیی خۆی پێشان دا بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننەكانی بواری تەناهی ناودەوڵەتی كە لە میانەی دیداری لووتكەی ترەمپ و پووتن لە هلسنكی هەردوو وڵات پێی گەیشتوون.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل