خوێندنی باڵا دوای 16 ئۆكتۆبەر ددان بە زانكۆكانی ناوچە كوردستانییەكان دەنێت

:: PM:02:36:19/07/2018 ‌
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، دوای خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر و لە مامەڵەیەك لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، بێ ئەوە لیژنەكانی یەكتر لە زانكۆكان بكۆڵنەوە، ددان بە بڕوانامەی زانكۆكانی كوردستان لەلایەن بەغداوە دەنرێ و كوردستانیش ددان بە زانكۆكانی ناوچە كوردستانییەكان دەنێ.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان هاتووە، زانكۆ حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كێشەی ددانپێدانانیان نەما و بە فەرمی ناسێنران.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرا كراوە، لە كۆبوونەوەیەكدا لە نێوان هەردوو وەزارەت كە تایبەت بوو بەددانپێدانان بە ژمارەیەك لە زانكۆ حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان، دوای گفتوگۆیەكی زۆر بەخستنەڕووی مافی دەستووری هەرێمی كوردستان، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق ئاشكرای كردووە، بەبێ ئەوەی هیچ لێژنەیەكمان سەردانی ئەو زانكۆیان بكات، ڕاستەوخۆ ددانیان پێدا دەنێن.

ئاماژە دراوە، ئەو زانكۆیانە هاوشێوەی زانكۆكانی تر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، بەوەش زانكۆكانی "زاخۆ، سۆران، گەرمیان، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، زانكۆی كوردستان/هەولێر و بۆردی پزیشكی" كێشەی ددانپێدانیان لە عێراقدا نامێنێ، لە بەرانبەردا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ددان بە زانكۆ تایبەتەكانی عێراقی لە ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان دەنێ.

ئەو ددانپێدادانەی زانكۆكان لە كاتێكدایە كێشەی زانكۆی ناوچە داگیركراوەكان ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو و چەندان جار لیژنەكانی پەرلەمان و بەرپرسان سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمیان كرد و چەندان نووسراویان ئاراستە كرد، ئامادە نەبوو ددانپێدادانیان بۆ بكرێت، بەڵام كاتێك ئەو زانكۆیانە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان نەمان و ئەو سنوورانە داگیر كران، ددانیان پێ دانران.

جێی باسە بەر لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و ڕادەستكردنی كەركووك لەلایەن گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرەڕای چەندان جار داوا لێ كردن، ئامادە نەبوو ددان بە زانكۆكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بنێت.





وشە - رامیار جەواد