دوای ئەشكەنجەدانیان.. خۆپێشاندەران دروشمی "نامرین" بەرز دەكەنەوە

:: PM:03:48:19/07/2018 ‌
لە بەردەوامی ئاڵۆزییەكانی باشووری عێراق، ڕەشبگیری و گرتن و ئەشكەنجەدانی خۆپێشاندەران لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، خۆپێشاندەران بە بەهێزیی گەڕاونەتەوە و دروشمی "نامرین"یان بەرز كردووەتەوە.

لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و بە هاوئاهەنگی تەواوەوە لە ناو خۆپێشاندانی شارەكانی باشووریش، خۆپێشاندەران بە ورەیەكی بەرزەوە دژی گرتن و ئەشكەنجەدان و تەقەكردن لە خۆپێشاندەران وەستاونەتەوە و دروشمی "نامرین"یان بەرز كردووەتەوە و لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیش وێنە و ڤیدیۆیی چالاكییەكانیان بە هاشتاگی #مانموت بڵاو دەكەنەوە.

لە ڕۆژی پێنجشەم و هەینی ڕابردوو دوای بەرفرەوانبوونی خۆپێشاندان لە بەسڕە و نەجەف و كەربەلا و میسان و بابل و دیوانیە و ناسڕیە و ڕۆژئاوای بەغدا، عەبادی فەرمانی تەقەكردنی ڕاستەوخۆی بە هێزەكانی عێراق دا، كە دەچنە سەر بارەگا حكوومییەكان و موڵكی گشتی وێران دەكەن و بارەگای حزبەكان دەسووتێنن.

لە ئەنجامی ئەو فەرمانە هێزەكانی عێراق بە گشتی سوپا و پۆلیس و پۆلیسی فیدراڵی لەلایەكەوە و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە تایبەتی، دەستیان بە هەڵمەتێكی گەورەی كوشتن و گرتن و ئەشكەنجەدانی خۆپێشاندەران كردووە، بەوهۆیەوە نزیكەی هەزار كەس تا ئێستە بریندار بوون و نزیكەی 500 كەس گیراون و 15 كەسیش كوژراون.

عەلی غزی چالاك و سەرپەرشتیاری خۆپێشاندەران لە ناسڕیە بە پێگەی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، خۆپێشاندەران لە شارەكەمان تووشی جۆرەها ئەشكەنجە و گرتن و لێكۆڵینەوە بوونەتەوە، لەلایەن هێزەكانی تەناهییەوە، بۆیە چالاكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی واتسئاپ هاشتاگێكیان دروست كردووە بە ناوی نامرین #مانموت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەمەی هێزەكان لە خۆپێشاندەرانی سڤیلی دەكەن و بەردەوامی بە خۆپێشاندانەكان.

ڕۆژی هەشتی مانگ خۆپێشاندانەكان لە بەسڕە دەستیان پێ كرد و ئەمڕۆیش پێ دەنێنە یازدەم ڕۆژ، تا ئێستە لە زۆربەی شارەكان خۆپێشاندان بەردەوامی هەیە و بڕیارە ڕۆژی هەینی لە بەغدایش خۆپێشاندانی ملیۆنی ئەنجام بدرێت.

لە ئەنجامی 11 ڕۆژی خۆپێشاندانەكان لە بەسڕە و نەجەف و كەربەلا و بابل و زیقار و دیوانیە و ناسڕیە و ڕۆژئاوای بەغدا و میسان و واست ژمارەیەكی زۆری خەڵك بریندار بوون و ئەشكەنجە دراون، هاوكات حكوومەت هەموو هەوڵێكی خستووەتە گەڕ تا كۆتایی بە خۆپێشاندانەكان بهێنێت، بەڵام تا ئێستە سەركەوتوو نەبووە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د