خۆپێشاندانەكان..ئێران ناچار دەكەن لە كوردستانەوە كەلوپەل بۆ عێراق بنێرێ

:: PM:06:06:19/07/2018 ‌
بارگرژییەكانی عێراق و بوونی مەرزێكی لاوەكی لەنێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگای دیالە كێشەی بۆ بازرگانانی ئێران دروست كردووە. بازرگانان پلانیان هەیە تەواوی كەلوپەلەكانیان لە ڕێی مەرزەكانی كوردستانەوە بێننە عێراقەوە.

مەحموود كەلاری یەكێك لە نوێنەرانی بازرگانانی كەلار بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، پێوەندی بەردەواممان لەگەڵ بازرگانانی ئێراندا هەیە و ئاگاداریان كردووینەتەوە كە پلانیان هەیە كەلوپەلەكانیان لە بری مەرز و دەروازەكانی باشووری عێراقەوە لە رێی پەرێزخانەوە هەناردەی ناوچەكانی ناوڕاست و خوارووی عێراق بكەن، بەڵام بەهۆی دووبارە گومرك كردنیان لە دەروازەیەكی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگای دیالە كێشەیان بۆ دروست دەبێ‌.

زیاتر گوتی، هەناردەكردنی كەلوپەلی ئێرانی لە مەرزەكانی باشوور و ناوڕاست تەنیا جارێك گومرگ دەكرێ، بەڵام ماوەی سێ‌ ساڵە دەروازەی "سەفرە" لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگای دیالەوە وەك دەروازەیەكی سنوری نێوان دوو وڵات دانراوە و سەرانە لە بازرگانان وەردەگرێ‌.
 
هاوكات عەلی تۆفیق سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی پەرێزخان بۆ "وشە" گوتی، سەرباری هەوڵی بازرگانانی ئێران بۆ هاناردەكردنی زیاتری كەلوپەلەكانیان لە رێی مەرزی پەرێزخانەوە، بەڵام بەهۆی خۆپێشاندان و رووداوەكانی خوارووی عێراق بازرگانان تووشی كێشە بوون.
 
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" دەروازەكانی " شیب و شەلامجە و مەعقەل و زوبیر و سەفوان" كە پێنج دەروازەی  گرنگ بوون بۆ هەناردەكردنی كەلوپەلی ئێرانی بۆ عێراق ماوەی 11 رۆژە كاری بازرگانی لەو دەروازانەوە وەستاوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم