بەخێوكردنی مریشك بووەتە خولیای هاووڵاتییەك

:: AM:09:54:08/12/2016 ‌

هاووڵاتییەكی كۆمەڵگەی وڵاتژێری لە دەڤەری بارزان لە نزیك ماڵەكەی خۆی، ژمارەیەكی زۆری مریشكی هاوشێوەی مریشكی كوردی بەخێو دەكات  و بێجگە لە بەدەستهێنانی داهات، بەخێوكردنی مریشك وەك خولیایەك دەبینێت.

موراد تێلی خاوەنی مریشكەكان بۆ "وشە" دەڵێت، "زۆر حەزم لە بەخێوكردنی مریشكە و ماوەی چەند ساڵێكە هەموو خولیام ئەوەیە خزمەت بە گیانلەبەرانی خۆماڵی بكەم و هەر لەبەر ئەوەش ئێستە سەرووی هەزار و 500 مریشكی سوورم هەیە، لە ماڵەوە بەخێویان دەكەم و لەو رێگەیەوە داهاتێك پەیدا دەكەم.

جێگەی باسە ئەو مریشكانەی موراد بەخێویان دەكات، بە رواڵەت زۆر لە مریشكی خۆماڵی یان كوردی نزیكن و ئەو هاووڵاتییە جووجەڵەكان دەكڕێت و هاوشێوەی بەخێوكردنی مریشكی خۆماڵی گەورەیان دەكات و دواتر دەیانفرۆشێت.

ئەو گوتی "لەگەڵ هەڵاتنی تیشكی خۆر، من مریشكەكان دەبەمە دەشت و نێو سروشت و وەك شوانێك لە نێوانیاندا دەمێنمەوە و زۆر لە نزیكەوە بەخێویان دەكەم و دەیانپارێزم و بەردەوام چاودێرییان دەكەم، تەنانەت دەنووكی مریشكەكان لێ دەكەمەوە بۆ ئەوەی شەڕ لەگەڵ یەكتر نەكەن و هەر بە نازداری بمێننەوە.

دوای هاتنی وەرزی سەرما، زۆرێك لە مریشكەكان فرۆشراون و رۆژانە خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكەن و مریشك دەكڕن، رۆژانەش مریشكێك بە هۆكاری جیاواز دەمرێت.

تێلی لە درێژایی قسەكانیدا گوتی، بۆ حەوانەوەی ئەو هەمووە مریشكە،  شوێنێكی تایبەتی لە نزیك ماڵەكەی خۆی دروست كردووە و كاتێك مریشكەكان بەڕەڵا دەكرێن، هەر كامێكیان بو شوێنێك دەچێت و هەندێك جار مریشەكان دوور دەكەونەوە، بەڵام بە لێدانی یەك فیتە هەموو مریشكەكان لە چواردەوری ئەو كۆ دەبنەوە.

ترسی ئەو هاووڵاتییە ئەوەیە هەندێك ئاژەڵی كێوی زیان بە مریشكەكانی بگەیەنن. موراد پێی وایە ئەو مریشكانە جیاوازییەكی زۆریان لەگەڵ مریشكی كێڵگەكانی پەلەوەردا هەیە و جیاوازییەكەشی لەوەدایە، مریشكی خۆماڵی لەسەر گیا و سروشت  بەخێو دەبێت و دوورە لە هەموو مادە كیمایییەكان بە تایبەتی پرۆتین كە بۆ تەندروستی باش نییە.

بە لەبەرچاوگرتنی تەنگژەی دارایی ئەو مریشكانەی كە موراد دەیانفرۆشێت جووتی بە 10 هەزار دینارە، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە هەمان ناوچە یەك مریشكی كوردی بە 20  تا 30 هەزار دینار دەفرۆشرێت . بەگوتەی موراد ئەو مریشكانەی كە ئەو بەخێویان دەكات بۆ فرۆشتنە و تەنیا مریشكی گۆشتن و مریشكی هێڵكە لەنێوانیاندا نییە و لەبەر ئەوە زور هەرزانتر دەفرۆشرێن. ئەو بۆیە مریشكی هێلكە بەخێو ناكات، چونكە هیچ شوێنێكی تایبەتی نییە.

كۆمەڵگەی وڵاتژێری دەكەوێتە خۆرئاوای دەڤەری بارزان و لە نۆ گوند و نزیكەی 500 ماڵ پێك دێت.

بارزان /نەوزاد هلۆری




















وشە - سلێمان تاشان