شارەزایەك: ئێران هەوڵی دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دەدات

:: PM:06:19:24/07/2018 ‌

دوای دواكەوتنی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و سەرهەڵدانی ناڕەزایی جەماوەری لە چەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتە كە كار دەكەنە سەر دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، شارەزایەكی عێراقی دەڵێت ئێران هەوڵی دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەدات تا كاتی یەكخستنەوەی ناو ماڵی شیعە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوە چوو، سەرەڕای بەشداری لاوازی رێژەی دەنگدەران، لیستەكەی سەر بە موقتەدا سەدر توانی پلەی یەكەم بە 52 كورسی بەدەست بێنێت و پێش هەرسێ لیستەكەی (فەتح) و (نەسڕ) و (دەوڵەتی یاسا)ی نزیكتر لە هاوپەیمانیكردن بكەوێتەوە و شێوانێك بۆ حیساباتی ئێران دروست بكات كە پێشبینی ئەوەی نەكردبوو.

دكتۆر واسق هاشمی، سەرۆكی كۆمەڵەی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی لەو بارەوە بۆ "سپۆتنیك" دەڵێت، دەستوەردانی دەرەكی لە عێراق زۆرە، بەڵام ئێران و ئەمەریكا دوو یاریكارە گەورەكەن لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، كاتێك ئێران كاریگەرییەكی گەورەی هەیە لە رێگەی دەستوەردان لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری نوێ و دیاریكردنی وادەی پێكهێنانی حكوومەت و ئەو یاسایانەیشی دەردەچن.

زیاتر گوتی، هەرچی ئەمەریكایە دەیانەوێ هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بەشداری لە حكوومەتی نوێ بكەن، لەو كاتەی ئێران گرنگی بە گەڕانەوەی ماڵی شیعە و هەوڵی دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دەدات تا گەیشتن بەو مەبەستە، لەو كاتەی ئەمەریكا هەوڵی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەدات بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت ناوماڵی شیعە كۆ بكاتەوە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل