رووسیا: پێویستە ئەمەریكا هێزەكانی لە سووریا پاشەكشە پێ بكات

:: PM:09:09:24/07/2018 ‌

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رای گەیاند كە ئەمەریكا تاكە رێگەیەكی لەپێشە بۆ مانەوەی لە سووریا، ئەوەیش هاریكاریكردنی مۆسكۆ و دیمەشقە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، چونكە هیچ بنەمایەكی یاسایی بۆ مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا نەماوە.

لیوا ئیگۆڕ كۆناشینكۆڤ، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەو بارەوە گوتی، لە رووی بابەتیانەوە هیچ بنەمایەكی یاسایی بۆ بەردەوامبوونی كردە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە سووریا نەماوە. 

زیاتر گوتی، لەو حاڵەتە هێزەكانی ئەمەریكا تەنیا یەك ئەگەریان لەپێشە بۆ مانەوە لە سووریا ئەوەیش هاوكاریكردنی مۆسكۆ و دیمەشقە لە پرۆسەی یارمەتیدانی گەڕانەوەی ئاوارە و راگوێزراوان بۆ سەر زێدی خۆیان.

كۆناشینكۆڤ روونی كردەوە، ئەگەر سەركردەی ئێستەی هێزەكانی ئەمەریكا ئامادە نەبێت بۆ ئەو جۆرە هاوكارییە، باشترین چارەسەر رێگری نەكردنە لە پرۆسەی ئاشتی و دەستكردنە بە پاشەكشەكردنی بەپەلەی هێزەكانی ئەمەریكایە لەسەر خاكی سووریا.

ئەو قسانەی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا دوای قسەكانی جەنەراڵ جۆزێف فۆتیل، فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ كەناڵی تەلەڤزیۆنی (ئەی بی سی)ی ئەمەریكایی دێت كە باسی ئەستەمی هاوكاریكردنی رووسیای كرد لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان لە سووریا بەهۆی پاڵپشتی بەردەوامی مۆسكۆ بۆ رژێمی بەشار ئەسەد.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل