وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا به بڕی 307 ملیۆن دۆلار ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای لۆكهێد مارتن و ڕازیۆن بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌مه‌ریكا واژوو كرد، به‌مه‌به‌ستی ناردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له چه‌كی قورس و مووشه‌كی جاڤلین بۆ وڵاتانی ئۆكراینا و لیتوانیا و ئیستۆنیا و توركیا و تایوان و ئوسترالیا.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی
sputnikی ڕووسی، فرۆشتنی چه‌ك و مووشه‌كی دروستكراوی ئه‌مه‌ریكا له مانگی ئاداری ئه‌مساڵدا به بڕی 47 ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری لێوه دراوه، جۆری چه‌كه‌كانیش 210 مووشه‌ك و 37 قازیفه‌یه.
زانیارییه‌كان ده‌ریانخستووه گرێبه‌سته‌كه بۆ فرۆشتنی سیسته‌می مووشه‌كی جاڤلینه كه له‌لایه‌ن كۆمپانیای ڕازیۆن و لۆكهێد مارتنی ئه‌مه‌ریكی دروست ده‌كرێت.
حكوومه‌تی ڕووسیا چه‌ند جارێك هۆشداری داوه‌ته ئه‌مه‌ریكا و وڵاتان به نه‌ناردنی چه‌ك بۆ ئۆكراینا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه ده‌بێته خاوه‌ن هێز و مه‌ترسی هێرشكردنه سه‌ر ڕووسیای هه‌یه.
لۆكهێد مارتن گه‌وره‌ترین كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌مه‌ریكییه، له 15ی ئاداری ساڵی 1995 دامه‌زراوه و باره‌گاكه‌ی له ماریلاندی ئه‌مه‌ریكایه، هه‌روه‌ها كۆمپانیای ڕازیبۆن له هه‌مان بوار كار ده‌كات و له‌گه‌ڵ چه‌ندان وڵات گرێبه‌ستی بۆ فرۆشتنی چه‌كه‌كانی هه‌یه، له ساڵی 1922 دامه‌زراوه و شوێنه‌كه‌ی له ماساچوسێتسی ئه‌مه‌ریكایه.