كاركردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە عێراق دەستی پێ كردەوە

:: PM:06:21:25/07/2018 ‌
حكوومەتی عێراق بڕیاریدا كۆنترۆڵكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵبگرێت ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی نزیكەی مانگێكە بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە هەندێك لە ماڵپەڕ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەدەكرانەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ی تەمووز/ یۆلیۆ، ئومێد محەمەد ساڵح گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی چەند رۆژێك بوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر بڕیاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق  CMC داخرابوون، بەڵام ئەمڕۆ بڕیار لەسەر كردنەوەیان دراوە و بڕیارەكە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای کرد، ئێستە بەكارهێنەران دەتوانن بەشێوەیەكی ئاسایی بچنە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەتەواوی كراوەن. دووپاتیشی كردەوە كە گواستنەوەی هەرێم سەرجەم كۆمپانیاكانی هەرێمی ئاگادار كردووەتەوە لە لابردنی كۆنتڕۆڵی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

خۆپێشاندانەكان لە عێراق نزیكەی مانگێكە بەردەوامە و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە بڕیارێك كاركردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ڕاگرت و بڕیارەكەیش ناڕەزای زۆری لێ‌ كەوتەوە بەهۆی ئەوەی بڕیاری داخستنی تۆڕەكان لاسایی كردنەوەی دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكانە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم