به‌پێی سیسته‌می ده‌وامی كتێبخانه‌كان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌وامی كتێبخانه گشتییه‌كانی حكوومه‌ت به‌دوو شه‌فت ده‌وام ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش بۆ سوودی ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی ئێواران ده‌توانن سه‌ردانی كتێبخانه بكه‌ن، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار له ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌وامی ئێواران هه‌ڵگیراوه، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی رۆشنبیر و خوێنه‌رانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
ژماره‌یه‌ك قوتابی، په‌یامنێری "وشه"یان له كه‌لار ئاگادار كرده‌وه كه بۆ ده‌ستكه‌وتنی كتێب له‌م هه‌فته‌یه‌دا له كاتی ئێواران سه‌ردانی كتێبخانه‌ی گشتییان كردووه، به‌ڵام ده‌رگه‌كه‌ی به‌رووی خوێنه‌ر و ئه‌وانه‌ی پێویستیان به سه‌رچاوه‌یه، داخراوه.
ئاوات عه‌لی یه‌كێك له خوێنه‌رانی كتێب له كه‌لار بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا كه بۆ ده‌ستكه‌وتنی كتێب، له پاش نیوه‌ڕۆ سه‌ردانی كتێبخانه‌ی كه‌لاری كردووه له دوو رۆژی جیاوازدا، به‌ڵام هه‌ردوو رۆژه‌كه داخراوه. به‌گوته‌ی خۆی "به‌و دیمه‌نه زۆر بێتاقه‌ت بووم، چونكه كتێبخانه بۆ ئێواران شوێنێكی به‌نرخه بۆ ئێمه".
سه‌ریاس سه‌مین رۆژنامه‌نووسێكه له گه‌رمیان، سه‌رسوڕمانی خۆی پێشان دا له هه‌ڵگرتنی ده‌وامی ئێواران له كتێبخانه‌ی گشتیی كه‌لار و بۆ "وشه" گوتی، نه‌ریتێكی ناشیرینه له بری درێژكردنه‌وه‌ی كاتی ده‌وام، كه‌چی كه‌م بكرێته‌وه.
وه‌ك سه‌مین ده‌ڵێ "كتێبخانه ده‌بێ هه‌میشه كراوه بێت و كه‌ی خوێنه‌ر ده‌رفه‌تی هه‌بوو سه‌ردانی بكات، بۆیه پێشنیار ده‌كه‌م به شه‌ویش به‌رده‌وام كراوه بێت و خوێنه‌ران له‌وێ گفتوگۆ بكه‌ن له بری چایخانه".
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی گشتیی كه‌لار نیگه‌رانی گرووپی خۆبه‌خشانی گه‌رمیانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه كه كاری گرووپه‌كه‌یان كۆكردنه‌وه‌ی كتێبه بۆ كتێبخانه‌كان و به‌خشینه‌وه‌ی كتێبه له گوند و شوێنه گشتییه‌كان به ئامانجی فراوانكردنی خوێندنه‌وه.
هاوكار نه‌سره‌دین ئه‌ندامی گرووپی خۆبه‌خشانی كتێب له گه‌رمیان، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه داخستنی ده‌وامی كتێبخانه له كاتی ئێواراندا له رووی مه‌عریفییه‌وه زیانێكی گه‌وره‌یه بۆ ناوچه‌كه. ئاماژه‌ی دا "فه‌رمانبه‌ران و به‌شێك له مامۆستایان و خوێنه‌رانیش، به‌یانیان ده‌رفه‌تیان نییه و سه‌رقاڵی ژیانن، بۆیه ناچارن ئێواران سه‌ردانی كتێبخانه‌كان بكه‌ن بۆ خوێندنه‌وه، ئیتر چۆن ده‌بێ دابخرێ".
هاوكار پێی وایه به‌داخستنی كتێبخانه ئه‌وه‌نده‌ی تر خه‌ڵك له خوێندنه‌وه دوور ده‌كه‌وێته‌وه یا دوور ده‌خرێته‌وه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی كتێبخانه‌ی گشتی كه‌لار تایبه‌ت بۆ "وشه" ئاشكرایان كردووه، بڕیاری داخستنی ده‌وامی ئێوارانی كتێبخانه‌كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌كه‌وه دراوه به‌و پاساوه كه كه‌شوهه‌وای ناوچه‌كه گه‌رمه له ئێواراندا، به‌ڵام ئه‌مه له هاوینهكانی رابردوودا رووی نه‌داوه.
یه‌كێك له فه‌رمانبه‌رانی كتێبخانه‌كه كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێ، به"وشه"ی راگه‌یاند، "راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك ده‌وامی خۆیان له كاتی ئێواراندا به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك نه‌كردووه، بۆیه له‌بری رێكخستنی ده‌وامی ئه‌وان، به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی كه‌لار وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی خستووه‌ته كاتی به‌یانیانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه چاودێرییان بكات".
"وشه" هه‌وڵی دا خاتوو جیهان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی رادیۆی ته‌وار و به‌ڕێوه‌به‌ری ئێسته‌ی كتێبخانه‌ی گشتی كه‌لار بدوێنێ، به‌ڵام ره‌تی كرده‌وه لێدوان بدات. /رادیۆی ته‌وار سه‌ربه رێكخراوی یه‌كێتی ژنانی كوردستان /سه‌ر به یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان بوو له گه‌رمیان/.
ئاسۆ فوئاد به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی گشتیی شاره‌دێی رزگاری /15 كم باشووری كه‌لار/ بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه ده‌وامی ئێواران لای ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵنه‌گیراوه و خوێنه‌ران ده‌توانن سوودی لێ ببینن.
له به‌رانبه‌ردا نه‌وزاد جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كتێبخانه گشتییه‌كانی كوردستان له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد، له كه‌لاره‌وه داوامان لێ كراوه به‌هۆی گه‌رماوه ده‌وامی كتێبخانه له‌كاتی ئێواراندا هه‌ڵبگیرێ.
وشه/ سه‌بری هۆرێنی