خانەنیشنی پلەباڵاكانی عێراق لە دنیا هاوشێوەی نییە

:: AM:09:45:26/07/2018 ‌

تا دێت ژمارەی خانەنشینی پلەباڵا لە عێراق روو لە زیادبووندایە، حكوومەتیش بە گژیدا دەچێتەوە. شارەزایەكی یاساییش دەڵێ بوونی ئەو هەموو خانەنشینییە زیان لە بودجەی دەوڵەت دەدات.

لە كاتێكدا بەپێی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و فەرمانگەكانی سەر بە ئەنجوومەنەكە، بێ رەچاوكردنی بڕوانامە و هەبوونی 15 ساڵ خزمەت و مەرجی تەمەن، بە رێكاری یاسایی رێیان پێ دراوە خزمەتی ساڵانە بكڕنەوە تا كۆی خزمەتی گشتییان دەگاتە 15ساڵ تا مافی خانەنشینییان هەبێت.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاری سڕكردن و كار نەكردنی بەو یاسایە راگەیاند، ئەمەش ناكۆكی لە نێوان حكوومەت و پەرلەمان دروست كردووە و پەرلەمانی عێراق پێی وایە بڕیارەكەی حكوومەت دەستوەردانە لە كاروباری پەرلەمان.

تاریق حەرب شارەزای یاسایی دەڵێ، دەستەی سەرۆكایەتی كۆمار كە هیچ كارێكیان نییە، مووچەی خانەنشینییان لە هی وەزیرەكان زۆر زیاترە، هەروەها ناكرێت پەرلەمانتارانیش لەسەر كۆی مووچە خانەنشین بكرێن.

حەرب روونی كردەوە فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆیان هەیە دوای 15 ساڵ خزمەت خۆیان خانەنشین بكەن، بەڵام خانەنشینی ئەوان تەنیا لەسەر مووچەی بنەڕەتی دەبێت بێ دەرماڵە، كەچی هی پەرلەمانتاران بە مووچەی تەواو خانەنشین دەبێت بە هەموو دەرماڵەكانی.

زیاتر گوتی "وەستاندنی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران كە عەبادی بڕیاری لێ داوە، بێبەشیان ناكات لە مووچەی خانەنشینیی، چونكە لە ناوەڕۆكەكەیدا هاتووە كە پەرلەمانتار بۆی هەیە لە هەر پرسێكدا لە بەردەم هەر دادگایەكدا مافی خۆی وەربگرێت".

حەرب ئاماژەی بۆ خاڵێكی تر كرد كە پەرلەمانتاران بۆیان هەیە لە خوار تەمەنی 50 ساڵی خانەنشین ببن بە پێچەوانەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی، بۆیە ئەو یاسایە بارگرانییەكی دارایی زۆر گەورە دەخاتە سەر بودجەی گشتی كە وێنەی لە هیچ وڵاتێكی دنیادا نییە.

جێی باسە یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردوو لە پەرلەمان پەسند كرا، كەچی لە 16ی ئەم مانگە، تەمووز، فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق واژووی كرد و لە وەقایعی فەرمی بڵاو كرایەوە.

سەرچاوە/ بەغداد پۆست



وشە - فه‌رمان سادق