حەشد خانووەكانی مووسڵ داگیر دەكەن و بە كرێ بە ئاوارە گەڕاوەكانی دەدەن

:: PM:01:06:26/07/2018 ‌
هێزەكانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و دوور لە هیچ یاسا و ڕێسایەك دەستیان بە داگیركردنی خانوو و سامانی ئەو كەسانە كردووە كە لە ڕیزی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بوون، خانووەكانیان بە كرێ بە خەڵكی مووسڵ دەدەنەوە، ئەمەیش بە پێشێلكارییەكی گەورە هەژمار دەكرێت.

سەرچاوەیەك بە پلەی ئەفسەر لە سوپای عێراق كە ئەركی لە شاری مووسڵە بە ڕۆژنامەی "قودس"ی عەرەبی ڕاگەیاند، زۆرینەی ئەو خانووانەی دەكەونە ناوچە گرانبەها و گەڕەكە خواست لەسەرەكانی مووسڵ، خانووەكانیان لەلایەن ئەفسەران و میلیشیاكان داگیر كراوە، ئەمەیش بە پشتبەستن بە بڕیارێكی حكوومەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ماڵ و موڵكی چەكدارانی داعش، بەتایبەت ئەوانەی خانووەكان بە ناوی چەكدارانی داعشە و تاپۆیان هەیە.

زیاتر گوتی، ئەفسەرانی سوپا و میلیشیاكان خاوەنی دەسەڵات و پێگەن لە شارەكە و زۆرینەی ئەو خانووانەی خەڵكی ئاسایی كە داعش دوای داگیركردنی مووسڵ تێیدا ژیاون بە هی داعش هەژماریان كردووە و  خستوویانەتە ژێر ڕكێفی خۆیان و بە كرێ بە خەڵكی تری شارەكەی دەدەنەوە.

سەرچاوەكە هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، سەرەڕای ئەوەی حكوومەت و وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری چەندان جار نووسراویان ناردووە كە ئەو خانووانەی تاپۆیان بە ناوی چەكدارانی داعشەوەیە چۆڵ بكرێن و بخرێنە ژێر ڕكێفی حكوومەتەوە، تا ئەو كاتەی بە یاسا بڕیاریان لێ دەدرێ و ڕێك دەخرێن.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بڕیار بوو حكوومەت لیژنەیەكی تایبەت بنێرێ بۆ ژماردنی خانووەكان و كۆنتڕۆڵكردنیان و دەرگا لەسەر داخستنیان، بەڵام تا ئێستە لیژنەكە نەهاتووە و ئەفسەرانی باڵایش بە ویستی خۆیان مامەڵەی پێوە دەكەن و بە كرێ بە ئاوارە گەڕاوەكانی مووسڵی دەدەن.

بەگوێرەی ئامارەكان لە ئەنجامی داگیركردن و دواتر ڕزگاركردنەوەی مووسڵ نزیكەی 60 هەزار خانوو ڕووخێنراون، ئێستەیش بەشێكی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە شارەكە و میلیشیاكان و ئەفسەرانی سوپایش خانووی گەڕەكە راقییەكانیان داگیر كردووە و بە كرێ بە ئاوارە گەڕاوەكانی دەدەنەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و ژمارەی دانیشتووانی كۆی پارێزگاكە سێ ملیۆن كەس دەبێ، لە 2014 دوای هەڵاتنی سوپا و پۆلیسی ناوخۆی شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش، لە مانگی تەمووز/یۆلیۆی 2017 لەلایەن هێزەكانی عێراق ڕزگار كرایەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د