پارتی: پشتیوانانی هێرشەكەی پارێزگای هەولێر سزا دەدرێن

:: PM:01:50:26/07/2018 ‌
شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی پارێزگای هەولێریان كرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ پارێزگار دەربڕی و ئاشكرای دەكەن، هەرچی لە پشتی ئەو هێرشەیەی سەر پارێزگایە، دەبێ سزا بدرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی تەمووز/ یۆلیۆ، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە هەواڵێكی لە لاپەڕی تایبەتی خۆی نووسیویەتی، پێشوازیم كرد لە شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێكهاتبوون لە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و مەحموود موحەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی.

لە بەشێكی هەواڵەكە هاتووە، شاندەكە پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ پارێزگای هەولێر دەربڕی و سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی بەرەبەیانی 24-7-2018 یان كرد كە سێ‌ چەكداری تیرۆریست بە چەك و تەقەمەنی هەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی پارێزگا و لە ئەنجامدا كارگوزارێك شەهید كرا و پۆلیسێكیش بە سەختی بریندار كرا.

پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كردووە، شاندی مەكتەبی سیاسیی پارتی سەركۆنەی ئەو كارەیان كردو و داواشیان كرد هەرچی لە پشتی ئەو هێرشەیە دەبێ سزا بدرێن، هەروەها دووپات كرایەوە لەسەر چاوكراوەیی زیاتر و بەرهەڵستی فیكری تیرۆر لە رێی بەرنامەی تایبەتی رۆشنبیری و راگەیاندن، هەروەها هۆشیاركردنەوەی زیاتری گەنجانمان و بەرزكردنەوەی ئاستی مەعریفی و فیكرییان.

بەرەبەیانی 24ـی تەمووز، سێ‌ چەكدار هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و هەرسێكیان لەلایەن هێزە تەناهییەكان كوژران.





وشە - رامیار جەواد