بازگە و بارەگای میلیشیاكان..بازاڕ و ژیانی ناوچە سونییەكانیان وێران كردووە

:: PM:02:03:26/07/2018 ‌


دوای ئازادكردنی پارێزگا سوننەنشینەكان لە دەستی داعش، بوونی سەتان بارەگا و بازگەی میلیشیاكانی حەشد جووڵەی بازرگانی و ئاوەدانكردنەوەی لەو ناوچانە تێكداوە. خاوەنی یەكێك لە باڵەخانە بازرگانییەكان لە فەلووجە دەڵێت بەهۆی بازگەیەكی میلیشیاكان باڵەخانەكەی داخستووە.

سوننەكان لە دەستی داعش رزگاریان بووە، بەڵام بازگە و بارەگاكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ژیان لەناو شارەكان لێ تێكداون و جووڵەی بازرگانی و ئاوەدانكردنەوەی لاواز كردووە و یەكێكیشە لە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی دەیان هەزار ئاوارەی پارێزگاكانی مووسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین و ناوچەكانی تر.

هەر ناوچەیەكی رزگاربوونی ژێر دەسەڵاتی داعش، بە سەتان بارەگا و بازگەی میلیشیاكان و سوپای عێراق تەنراوە، ئەمەش نیگەرانی زۆری لای خەڵكی شارەكان دروست كردووە. بوونی ئەو هەموو بازگەیە قەرەباڵغییەكی زۆری هاتوچۆی دروست كردووە و كاریگەری نەرێنی لەسەر جووڵەی بازاڕیش هەبووە، جگە لە هەبوونی دەیان بارەگای میلیشیاكان و حزبە شیعەكان لەناو گەڕەكەكان كە خەڵكەكەی بێزار كردووە.

فیراس عەبدوڕەزاق خاوەنی باڵەخانەیەكی بازرگانییە لەسەر شەقامی سەرەكی كۆڕنیش لە شارۆكەی فەلووجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار دەڵێ، بوونی بازگەیەكی میلیشیاكانی حەشد لە بەردەم باڵەخانەكەی، بووەتە هۆكاری داخستنی و تەنانەت رێ نادەن نۆژەنیشی بكاتەوە.

فیراس كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، روونی دەكاتەوە نەك هەر باڵەخانەكەی ئەو، بەڵكو تەواوی ئەو باڵەخانە بازرگانییانەی دەكەونە سەر شەقامی كۆڕنیش لە فەلووجە، لە 2014ەوە چۆڵ كراون و بازاڕیان نییە، ئەگەرچی "دوای ئازادكردنی شارەكە لە دەستی داعش چەندان جار داوامان لە حكوومەتی عێراق و بەرپرسانی خۆجێی شارەكە كردووە كە ناوچەكە پاك بكەنەوە و رێ بدەن باڵەخانەكان نۆژەن بكەینەوە و ئاوەدانیان بكەینەوە، بەڵام هەموو جار بەهۆی هەبوونی بازگەیەكی میلیشیاكانی حەشد و بارەگایان لەو ناوچەیە، داواكارییەكەمان رەت دەكرێتەوە".

ئەو دۆخەی فەلووجە تێیدایە یان پارێزگای ئەنبار بە دەست هەبوونی سەتان بازگە و بارەگای میلیشیاكانی حەشد و حزبە شیعەكان لەناو گەڕەك و بازاڕەكانی شارەكە، لە مووسڵ و ناوچەكانی تریش بوونی هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەم/ ینایەری ئەمساڵ، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری كشانەوەی میلیشیاكانی حەشدی لەناو شارە سوننەكان راگەیاند وەك مەرجێكی سەركردە سوننەكان، بەڵام میلیشیاكانی حەشد پێیەوە پابەند نەبوون و تا ئێستەش لەناو شارەكاندا بوونیان هەیە.

ئەگەرچی ئامارێكی دروست لە بەردەستدا نییە لەسەر ژمارەی بارەگا حزبی و بازگەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە كۆی گشتییان 65 گرووپی میلیشیای جیاوازن، بەڵام ئەگەر وەك خەمڵاندن دوو بارەگا و دوو بازگە بۆ هەر گرووپێك لە هەر شار و شارۆكە و شارەدێیەك، ئەوا لە پارێزگای نەینەوا كە بە مووسڵی سەنتەری شارەكە 10 شارۆكەن و هەر شارۆكەیەكیش چوار شارەدێی بەسەرەوە بێت، ئەوا كۆی گشتی یەكە كارگێڕییەكانی دەگاتە 50 یەكە، كەواتە هەر گرووپێكی میلیشیا 100 بارەگا و بازگەی لە پارێزگای نەینەوا هەیە، ئەگەر هەر 65 گرووپەكەی میلیشیاكان بوونیان لە مووسڵ هەبێت، ئەوا كۆی گشتی بارەگا و بازگەكانیان دەكاتە شەش هەزار و 500.

بۆ پارێزگای ئەنباریش كە رومادی سەنتەری پارێزگاكەیە، كۆی گشتی دەكاتە نۆ شارۆكە و ئەگەر هەر شارۆكەیەكیش چوار شارەدێی بەسەرەوە بێت، ئەوا دەكاتە 45 یەكەی كارگێڕی، بەمەش هەر گرووپێكی میلیشیا ئەگەر بارەگایەك و بازگەیەكی هەبێت كۆی گشتی دەكاتە 90، بە هەموو گرووپەكانیش سەرووی پێنج هەزار و 500 بارەگا و بازگەیان هەیە.

پێوەند بە پارێزگای سەڵاحەدینیش كە تكریت سەنتەری شارەكەیە، هەشت شارۆكەیە و ئەگەر هەر شارۆكەیەكیش چوار شارەدێی بەسەرەوە بێت، دەكاتە 32 شارەدێ، بەمەش هەر گرووپێكی میلیشیا 80 بارەگا و بازگەی لە پارێزگای سەڵاحەدین هەیە، كۆی گشتی بارەگا و بازگەكانی گرووپە میلیشیاكانیش دەگاتە سەرووی پێنج هەزار.

دۆخەكە بە هەمانشێوە لە پارێزگای دیالە و كەركووك و بەغدا و ناوچەكانی تر بوونی هەیە، ئەمە جگە لە بارەگا و بازگەكانی هێزە جیاوازەكانی حكوومەتی عێراق "سوپا، پۆلیسی فیدڕاڵ، بەرپەرچدانەوەی خێرا، پۆلیس و ئاسایشی خۆجێی" و بارەگای حزبە شیعییەكان.

پێوەند بە مووسڵ، ئەحمەد سوبحی پۆلیسی هاتوچۆ لە مووسڵ دەڵێ، كاتێك كاروانی میلیشیاكانی حەشد بەناو بازاڕدا تێدەپەڕن، تەواوی شەقامەكان و ئۆتۆمبێل و خەڵك ئیفلیج دەبن و كەس بۆی نییە جووڵە بكات.

ئەو گوتی "كاروانی میلیشیاكان زۆرن، هەر جارە و گرووپێك و هەر جارە و لە ناوچەیەك، هەمیشەش پێش گەیشتنیان بەناو قەرەباڵغی ناو بازاڕەكان، ئەوا دەست دەكەن بە تەقەی هەوایی و هەڵكردنی فەڕاڕەی پۆلیسی و پێكردنی دەنگی بڵندگۆ بۆ ئەوەی رێیەكانیان بۆ چۆڵ بكرێت، ئەم دیمەنە خەڵكی مووسڵی هەراسان كردووە كە رۆژانە دووبارە دەبێتەوە، تەنانەت دەتوانم بڵێم رۆژانە زیاتر لە جارێكیش دووبارە دەبێتەوە".

روونی كردەوە كە هیچ كەسێك ناتوانێت بەرەنگارییان ببێتەوە یان رەخنەیان لێ بگرێت، چونكە "چارەنووسی ئەو كەسە لە باشترین دۆخیدا سووكایەتی پێكردنیەتی لە بەردەم خەڵك و لەناو بازار".

پۆلیسەكەی هاتوچۆ، داوا لە حكوومەتی خۆجێی و حكوومەتی عێراق دەكات چارەسەرێك بۆ دۆخە دابنێن و كۆتایی بەو دیمەنە هەراسانكارە بهێنن.

هەر لە مووسڵ سەرچاوەیەكی پۆلیسی شارەكە رای گەیاند، شەوی رابردوو 25ی تەمووز، هێزێكی میلیشیاكانی عەسائیب ئەهل حەق لەكاتی گەڕان و سووڕانیاندا لە ناوچەی غاباتەكانی باكوری مووسڵ، تەقەیان لە دەورەیەكی پۆلیس كردووە و بەهۆیەوە پۆلیسێك كوژرا.

ئەو سەرچاوەیە روونی كردەوە، هێزەكەی پۆلیس چوون بۆ ناوبژی لە نێوان میلیشیاكانی عەسائیب و خەڵكی ناوچەكە، بەڵام ئەوان تەقەیان لە پۆلیس كرد.

پێوەند بە پارێزگای سەڵاحەدین، حكوومەتی خۆجێی شارەكە لە هەوڵی دەركردنی گرووپە چەكدارییە میلیشیاكانی حەشدە وەك خواستێكی خەڵكەكە.

ئەحمەد كەریم سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین رای گەیاند كە خەڵكێكی زۆری شارەكە رۆژانە سكاڵا لەسەر میلیشیاكانی حەشد تۆمار دەكەن بەهۆی دانانی بازگە لەناو گەڕەك و كووچە و كۆڵانەكانی شارەكە. گوتی "ئەوان داوا دەكەن با هێزەكانی پۆلیس یان سوپا بازگە دابنێت لە جێی میلیشیاكانی حەشد، چونكە میلیشیاكان خەڵكیان تەواو هەراسان كردووە".
div>


وشە - فه‌رمان سادق