به‌غدا هێزه‌كان ده‌خاته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌..سبه‌ی باشوور ڕاده‌په‌ڕێت

:: PM:03:03:26/07/2018 ‌
شارەكانی باشووری عێراق و بەغدا لەمڕۆ پێنجشەمەوە بە چڕی هێزەكانی تەناهییان لێ بڵاو دەكرێتەوە، ئەمەیش وەك ئامادەكارییەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو خۆپێشاندانە فرەوانەی بڕیارە سبەی هەینی لە شارەكانی باشوور ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەیەكی باڵای تەناهی لە عێراق بە پێگەی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، هێزەكانی عێراق لە نۆ پارێزگاكەی باشووری عێراق بە چڕی بڵاو دەكرێنەوە، بۆ پاراستنی بارەگای فەرمانگەكانی حكوومەت و حزب و كۆمپانیاكان، جیا لەوەیش هێزی زیاتر بۆ شارەكان ڕەوانە كراوە و بەردەوامیش هێزەكان زۆرتر دەبن.

عامر عەلی ئەنفسەر لە پۆلیسی بەسڕە بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، هێزە تایبەتەكان لە بەغداوە گەیشتوون و لە بەسڕە بڵاوەیان پێ كراوە، سبەی هەینی ڕۆژێكی نائاسایی دەبێ بۆ هێزەكانی تەناهی لە باشوور، چونكە ترسی زۆر هەیە خۆپێشاندان زۆر فرەوانتر بن و بەردەوامییان هەبێت.

لەبارەی ئەنجامدانی خۆپێشاندانیش لە بەغدا، جەسوومە ئەزیرجاوی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا گوتی، دیدار لە نێوان عەبادی و عەتوان عەتوانی پارێزگاری بەغدا بەردەوامی هەیە و عەبادی داوای كردووە سەرجەم داواكانی خۆپێشاندەرانی بەغدا ڕاستەوخۆ جێبەجێ بكرێن، بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك خۆپێشاندان نەگاتە بەغدا.

ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە خۆپێشاندانەكان لە بەسڕە دەستیان پێ كرد، دواتر شارەكانی تری باشووری عێراق و بەغدایشی گرتەوە، لە ئەنجامی بەردەوامی خۆپێشاندانەكان حكوومەت ترسی زۆری لێ نیشتووە و فەرمانی بە تەقەكردن لە خۆپێشاندەران داوە، بەوهۆیەوە تا ئێستە 15 خۆپێشاندەر كوژراون و هەزاری تریش بریندار بوون.



وشە - باز ئه‌حمه‌د