ئاگادارییەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە

:: PM:05:43:26/07/2018 ‌
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان لە ئاگادارییەكدا ناوی ئەو بنكانەی ئاشكرا كرد كە ڕاگەیاندنەكان بۆیان هەیە لە كاتی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران ڕووماڵی بكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی تەمووز/ یۆلیۆ، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان لە ئاگادارییەكدا خشتەی ناوی ئەو بنكانەی بڵاو كردەوە كە راگەیاندنەكان بۆیان هەیە لەكاتی نوێ‌ كردنەوەی تۆماری دەنگدەران رووماڵی بكەن.

لە ئاگادارییەكەدا هاتووە، هیچ رۆژنامەنووسێك بەبێ‌ بوونی باجی تایبەتی كۆمسیۆن مافی ڕووماڵكردنی نییە.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەولێر چەند بنەكەیەكی دیاری كردووە كە هەریەكە لە قوتابخانەی هیوا و قوتابخانەی ئەنالیندای كچان و قوتابخانەی هێدی و ئامادەی چنار و قوتابخانەی بابان و قوتابخانەی میدیا دەگرێتەوە. جیا لە دەوروبەری هەولێر چەند بنكەیەكی تر دیاری كراوە.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم